فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: فواد مەعسوم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌نده‌و له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتووه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌نوسێته‌وه‌

پاش ئەوەی لە ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سەرۆک کۆمارێکی نوێی دەستنیشان کرد و فواد مەعسووم له‌ پۆسته‌كه‌ی لابراو بە فەرمی پۆستەکەی جێهێشت و گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا ناوبراو بەشداری لە هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند وهیچ چالاکییەکی حزبەکەیدا نەکردووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ، ڕایگەیاند: “فواد مەعسوم، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی نییه‌ تا بەشداریی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی بکات و تەنھا ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندییە “.

ئەندامه‌كه‌ی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: ”فواد مەعسوم ھیچ بەرپرسیاریەتییەکی فەرمی لەناو ڕیزەکانی یەکێتیدا نییە ، ڕاسته‌ ئێستا لەماڵەوە دانیشتووە، لەڕێگەی ستافێکەوە بیرەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە“.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ده‌شڵێت:”لە هەندێک دۆخدا فواد مه‌عسوم ڕابەرایەتی و سەرکردایەتیی شاندەکانی یەکێتی کردووە و لە زۆربەی زۆری گفتوگۆ ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی بینیوە، بەڵام کاتێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی نییە، یەکێتی ھەر سوود لە شارەزاییەکانی وەردەگرێت و بۆ ھەندێک پرسی ڕاوێژی پێ دەکرێت“.

Back to top button