پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ۱ـی ساڵی ۲۰۱۹

د.سه‌باح زێباری په‌رله‌مانتاری كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگه‌یاند: “پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم به‌و شێوه‌یه‌ دواناكه‌وێت كه‌ باسده‌كرێت ، ئه‌گه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كانی‌ سبه‌ینێ ۱۰ی ۱۲ی ۲۰۱۸ی وه‌فدی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی و گۆڕان ئه‌نجامی باشی هه‌بێت، ئه‌وه‌ پێشبینی زۆرده‌كرێت له‌م مانگه‌دا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرێت”.

د.سه‌باح زێباری پرله‌مانتاری پارتی گوتیشی‌:” له‌دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، پێده‌چێت پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستی مانگی (۱)ی ساڵی ۲۰۱۹ ، پارتی مه‌به‌ستێتی كابینه‌ی نۆیه‌م به‌زویی پێكبهێنرێت و حكومه‌ت ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كه‌ی بكات، “چونكه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم چاوه‌ڕوانی خزمه‌تن له‌حكومه‌تی نوێ”.

ڕۆژی ۳۰ی ۹ی ۲۰۱۸، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، یه‌كه‌م دانیشتنی خولی پێنجه‌میش له‌ڕۆژی ٦ی ۱۱ی ۲۰۱۸ ئه‌نجامدراو تائێستاش به‌هۆی ڕێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كانه‌وه‌، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌.

Back to top button