نوری حه‌مه‌ عه‌لی : خۆری فیفتی بە فیفتی ئاوا بووەو پارتی دوو ھێندەی یه‌كێتی كورسی هه‌یه‌

سبەینێ دووشه‌مه‌ ۲۹ی۱۲ی۲۰۱۸ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی پێكێهنانی حكومەتی نوێی هەرێم، سەردانی سلێمانی ده‌كه‌ن و لەگەڵ هەردوولایەنی یەكێتی و گۆڕان كۆده‌بنەوە.

نوری حەمەعەلی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند:” سبەینی دووشەمه‌ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئازاد بەرواری، سەردانی شاری سلێمانی دەكەن ،شاندەكەی پارتی بۆ قسەكردن و گفتوگۆكردن لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەچنە سلێمانی و سەرەتا سەردانی یەكێتی و دواتر بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن”.

نووری حەمەعەلی، به‌رپرسی میحوه‌ری ڕۆژئاوای كه‌ركوك گووتی:”یەکێتی حەز دەکات ھیچ حزبێکی دیکە بەشداریی ئەم کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەکات، بۆ ئەوەی سەرجەم پۆستەکان ھاوشێوەی جاران فیفتی بە فیفتی دابەش بکەین، بەڵام خۆری فیفتی بە فیفتی ئاوا بووە و ئێستا حزبی دیکە دەیانەوێ بەشداریی ئەم کابینەیە بکات، بۆیە باشترە یەکێتی شێوازی فیفتی بە فیفتی لە خەیاڵی خۆی دەربکات، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێ ھەموو حزبەکان شەریکی ڕاستەقینەی حکوومەت بن و ھەمووان خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن.”

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی گوتیشی:” پارتی ھەمیشە ڕێزی لە یەکێتی گرتووە و قوربانی بە بەشی خۆی داوە، بەڵام ”ئەگەر یەکێتی باسی شەراکەتی ڕاستەقینە دەکات، ئەو داھاتەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ھەیە، ئەو بودجەیەی کە بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان کراوە، ھەمان بودجەش بۆ ھەولێر و دھۆک خەرج کراوە، ئایا یەکێتی توانیویەتی ھاوشێوەی ھەولێر و دھۆک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ سلێمانی دابین بکات؟ بێگومان نەخێر، کەواتە یەکێتی ئەم چەند ساڵە چی کردووە لەناو حکوومەت؟ بۆیە ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە یەکێتی شەریکێکی ڕاستەقینەی ئەم حکوومەتە بێت و خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات”.

نوری حه‌مه‌ عه‌لی ده‌ڵێت :” هەرچەندە یەکێتی ٢١ کورسییان ھەیە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانێت کە پارتی دوو ھێندە و زیاتریش کورسی هەیە، بۆیە ”ئێمە حزبی یەکەمین و زۆر جار لە بەشی خۆمان خۆش بووین بۆ یەکێتی، بەڵام ئیتر ئەمە مانای ئەوە نییە پارتی بگەڕێتەوە بۆ پەنجا بە پەنجا، چونکە ئێستا حزبی دیکە ھەیە و ئەوانیش خوازیارن بەشداریی ئەم کابینەیە بکەن، بێگومان ئەوەی بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گرنگە، تەنھا ئەوەیە ھەموو حزبەکان شەریکێکی ڕاستەقینەی ئەم حکوومەتە بن و لە نیوەی ڕێگەدا حکوومەت بەجێ نەھێڵن”.

نوری حەمەعەلی ئەندامی سەركردایەتی پارتی ده‌شڵێت: “یەکێتی بۆی نییە مافی گۆڕان پێشێل بکات، ئەگەر گۆڕان بیەوێ بەشداریی ئەم حکوومەتە بکات، ئێمە بەرپرسیارین لە مافەکانی گۆڕان نەوەکوو یەکێتی، بۆیە یەکێتی ناتوانێ داوای پۆستی باڵای زیاتر لە شایستەی خۆی بکات، یان مافی حزبەکانی دیکە پێشێل بکات”.

Back to top button