میری كوردانی ئێزیدی پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەكات
دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەر بژێركرد, لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی و ناوخۆ پیرۆزبای لەو دوو سەركردەیەیی پارتی كرا, لە دواترینیان، میر تەحسین بەگ پەیامێكی پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی بڵاودەكاتەوە.
میر تەحسین بەگ ، میری كوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان لە پەیامێكی پیرۆزبایی دەڵێت، “بەو بۆنەیەوە گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان لێدەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لە ئەرك و رۆڵی سەركردایەتیتان لە پتەوكردنی پەیوەندی متمانەپێكراو و لێگەیشتن لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان لە رێگەی پێدانی مافەكانیان بە جیاوازی ئینتیما ئایینی و ئیتنییەكانیان، ئەوەش بۆ دەستەبەركردنی پرەنسیپی هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و رێككەوتن بە جۆرێك كە ماف و خواستەكانی سەرجەم پێكهاتە كوردستانییەكان، بپارێزێت”.
میری كوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان دەشڵێت، “ئێمە چاوەڕێی رۆڵی كارا و ناوازەی جەنابتان دەكەین بۆ ئەوەی هەوڵی خێر بدەن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور، بەمەبەستی دەستەبەركردنی متمانە و لێكتێگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانە، بۆ دەستەبەركردنی مافەكان و جێگیركردنی دیموكراسی و فرەیی و بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و خێر بۆ گەلی كورستان لە ژیانی ئابڕوومەندانە و خۆشگوزەرانی بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە”.
میر تەحسین بەگ دەڵێت “ئێمە بە گەشبینییەكی گەورەوە، تەماشای رۆڵی سەركردایەتیتان دەكەین لە پێدانی كورسییەكی وەزاری لە كابینەی داهاتوودا بە ئێزدییەكان و هەروەها گرنگیدان بە ئاوارەكانی شنگال و بەشداریكردن لە رزگاركردنی ئەو ئێزدییانەی كە تاوەكو ئێستاش لای رێكخراوی داعشی تیرۆریست ماونەتەوە و هەروەها بۆ بەشداریكردن لە بنیاتنانەوەی ناوچەی ئێزدییەكان، بەمەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان”.
پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كە رۆژی (3-12-2018) بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت بەربژێر كرد.