وەزیری كارووباری مرۆیی پۆلەندا گەیشتە هەولێر

 

بە مەبەستی زانینی رەوشی ئاوارەكانی كەمپەكانی هەرێمی كوردستان و تاوتوێكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و پۆلەندا كەمێك لەمەو بەر, بەیاتا كەمپا، وەزیری كاروباری مرۆیی پۆڵەندا گەیشتە شاری هەولێر و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا زیاد رەئووف، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا رایگەیاند “ئامانجی بەیاتا كەمپا، وەزیری كاروباری مرۆیی پۆڵەندا بۆ ئەوەیە سەردانی كەمپی ئاوارەكان بكات و دواتریش دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدات”.

وەزیری كاروباری مرۆیی پۆڵەندا بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هەرێمی كوردستان دەبێت، سەردانی زۆربەی كەمپەكان دەكات. زیاد رەئووف گوتی “وەزیرەكەی پۆڵەندا دەیەوێت لە نزیكەوە لە رەوشی ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپەكانی هەرێمی كوردستان بكۆڵێتەوە، بەتایبەت ئاوارە مەسیحی و ئێزدییەكان و هاوكات ئاوارەكانی سووریا و نێوخۆی عێراق، بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن”.

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا دەشڵێت “سیاسەتی حكومەتی پۆڵەندا ئەوەیە كە پەنابەر لە وڵاتەكەی وەرناگرێت، لە بەرامبەردا یارمەتی ئاوارەكان لە وڵاتی خۆیان دەدات”.

زیاد رەئووف ئاماژە بەوەدەكات “پۆڵەندا دەیەوێت دووبارە چالاكبێتەوە، نەك هەر لە كوردستان و عێراق بەڵكو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ئەو هاتنەش سەرەتایەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستانە لەگەڵ پۆڵەندا”.

Back to top button