عەمار حەكیم بۆ عادل عەبدولمەهدی با بەهەموو لایەك گەندەلی بنەبڕكەین
دوای دەستەباكر بوونی كابینەی نوێی عێراق و هێنانە پێشەوەی كۆمەلێك كارەكتەری سیاسی, وا پێشبینی دەكرێت كە چاكسازی و گۆڕانكاری گەورە لە ئیدارەدانی وڵات بێتە ئاراوە, سەرۆكی هاوپەیمانیی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە، داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵیی و هەماهەنگیی تەواوی بۆ جێبەجێكردنی ئەو “ئەركە گرنگە” كرد.
لە بەیاننامەیەكدا عەممار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانیی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە رایگەیاند: لە رۆژی جیهانیی ببنبڕكردنی گەندەڵی كە بە پەتایەكی مەترسیدار و دیوێكی دیكەی تیرۆر هەژمار دەكرێت، داوا دەكەن پەنا بۆ هەموو رێگەچارەیەك ببرێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، حەكیم داوای پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵیی لە عیراق كرد و بەپێویستی زانی بۆ بەجێگەیاندنی ئەو “ئەركە گرنگە”، هەموان هەماهەنگیی تەواو بكەن.
بەوتەی عەممار حەكیم، گەندەڵی لەمپەری خستوەتەبەردەم رێگای گەشەسەند و وەبەرهێنان، بە ئەركی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنیشی زانی یاسای توند بۆ رێگریكردن لەو دیاردەیە دابڕێژن.
لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا سەرۆكی هاوپەیمانیی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە جەختیكردوەتەوە كە گەندەڵی لە عیراق بوەتەهۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی و تێكدانی ئابوری و لەسەر حسابی بەرژەوەندیی باڵای گەل، هەندێك كەس لێی سودمەندبوون.