ئاژانسێكی رووسی: ئەمریكا سوپایەك لە رۆژئاوای كوردستان دادەمەزرێنێت, دەیەوێت نەخشەی ناوچەكە بگۆڕێت
ئەمریكا پێشتر رایگەیاندووە كە بەردەوام دەبێت لە هاوكاری كردنی هێزە كوردیەكانی رۆژئاوای كوردستان و بە پێی زانیاریەكانی ئاژانسێكی هەواڵی رووسی, ئەمریكا لە داهاتوو دەیەوێت سوپایەكی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان دابمەزرێنێت, دەشڵێت:” گۆڕینی نەخشەی داسەپێندراوی ناوچەكە تەنها لە ڕێگەی سەربازییەوە دەكرێت”.
ئاژانسی هەواڵی (ئۆراسیا دەیلی)ی رووسی، كە بارەگای سەرەكی لە مۆسكۆیە، وتارێكی لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبارەی ڕۆڵی ئەمریكا لە هاوكاریكردنی جیابوونەوەی كورد لە سووریا و نەخشاندنی سنوورێك بەزەبری هێز بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی كە ئەمریكا لەمبارەیەوە سوپایەك بۆ كورد پێكدێنێت.
لە وتارەكەدا هاتووە كە ئەمریكا درێژە بەچالاكییەكانی خۆی دەدات لەپێناو درێژكردنەوەی مانەوەی خۆی لە سووریا، لەمبارەیەشەوە بەشداری لە درێژەپێدانی تەنگژەكانی وڵاتەكەدا دەكات، ئەمەش لە ڕێگەی راهێنانی هێزە ناوچەییەكان بۆ دژایەتی تیرۆر و هەرەشەی دیكە، لەم نێوەندەشدا نزیكەی 60 بۆ 70 هەزار چەكداری كوردی لەژێر ناوی هێزەكانی سووریای دیموكراسی ڕاهێناوە و چەكداری كردوو
ئۆراسیا دەیلی نووسیویەتی كە هێشتا شتێك نیە بەناوی كوردستانی سووریاوە، جگە لە چەند مادە و نەخشەی كارپێكراوی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریكا و هەواڵگری سەربازیی ئەمریكا. لەگەڵ چەند راپۆرتێكی شیكاری كە بۆ سەركردە سیاسییەكانی واشنتۆن دروست كراون، بەڵام لە ڕاستیشدا لەم ناوچەیەی هێزە كوردیەكانی لێیە، كەس نایەوێ بگەڕێتەوە سەر دیمەشق، لە كۆبانێوە تا تەنەف، ئەگەرچی تەنەف یەك چەكداری كوردیشی تێدا نیە، هەروەها لە باسی ئەم ناوچەیەدا چەمكی “كوردستانی سووریا” بەكاردەهێندرێ، ئەمەش لە چوارچێوەی گواستنەوەی قورسایی لە ناوەندەوە دێت بۆ ناوچەی تر، هەڵبەت بۆ خزمەتی مانەوەی ئەمریكایە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئاژانسە رووسیەكە نووسیویەتی ڕاهێنان و جێگیركردنی 40 هەزار چەكدار لە رۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن ئەمریكاوە، پەیامێكە بۆ وڵاتانی ناوچەكە و دراوسێكانی سووریا، كە هیچ كەسێك ناتوانێ بەبێ شەڕ نەخشەی داسەپێندراوی ناوچەكە بگۆڕێت.
ئۆراسیا دەیلی لە كۆتایی وتارەكەیدا نووسیویەتی ئەزموونی كوردستانی عێراق دەیسەلمێنێت كە برایەكەی (كوردستانی سووریا)، كێشەگەلی وەها بۆ دیمەشق و پایتەختە هەرێمییەكانی تری ناوچەكە دەنێتەوە، هیچی لەو كێشانە كەمتر نەبێت كە كوردستانی عێراق لەم چەند ساڵەی دوایی ناویەتیەوە.