(یەك كۆ یەك) لای پارتی
ئەردەڵان هەڵەبجەیی
دەنگۆو بالۆرەی سیاسیە فشەڵ و ڕۆژنامەنوسە قەڵەم كۆنتڕۆلكراوەكانیان،بۆ سەركەوتن بەسەر قولەی قافدا و دروست كردنی كەلێن لەناو پارتیدا بەردەوامە ئەوەش بەو ئامانجەی تا وەك مشك و مێرو لێیەوە بێنە ژورێ،سەرەڕای شكست و كەوتنی باوانیان لە ڕابردوو بەڵام وەك ئەوەی بیانەوێت ئاگردانی بێ دوكەڵیان ڕۆشن بكەنەوە.
جارێكی دیكەو لەسەرو بەندی دیاریكردنی دوو كاراكتەری سیاسی بە ئەزمونی وەك نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم،ئەو لەشكرە خەیال پڵاوە بەڕوانین لە ماڵی شپرزەو پڕ لە حەشەراتیان كەهەر ڕۆژەو لەسەر پەت و ژێر سێبەری كەلاوەیەكن،ڕۆژێك (یەك) یان نەدیوەو نایشیبینن،پێیان وایە ماڵی پارتیش شڵۆق و شێواو شپرزەیە،ئەوان كە چەشنی دیوارێكی لە بنچینەوە خوارو لارن و پێیان وایە كۆشكی خۆڕاگرو بێ كەلێنی پارتیش وەك دیوارە لەرزۆك و بەلاداكەوتوەكەی خۆیانەو دەتوانن بەو بالۆرەی دەستیان داوەتێ بگەنە ئامانجی شەقكردنی،بێ خەبەر لەوەی لە ماتماتیكی سیاسی ئەم هێزەدا نەك یەك نابێتە دوو بگرە یەك كۆ یەك لە ماڵەدا دەكاتە یەك!!
هەر ئەوەش وایكردووە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم هێزە گەشە بكات و توانای بڕیاردانی هەبێت و خۆی لەبەردەم زریانی ناوخۆو دەرەوەدا ڕابگرێت.
ئەوانەی خەون بە شپرزەیی پارتی و یەكڕیزی خۆیانەوە دەبینن كارنامەو ئامانجیان تەنها ئەوەیە چاوەكان لەسەر ماڵ و فرە باڵی خۆیان لادەن،ئەو نەسلە سیاسی و ڕۆژنامەنوسانەی كە چاویان لە مێژوو نیە و پارتی ناناسن پێویستە زوو زوو بڕۆنە سەر پاشخانی شكستخواردوی گەورەكانیان كە بەو خەونەوە جگە لە ئینتیحاری سیاسی خۆیان لای گەل بونە پەندوو پارتیش جگە لە گەشەكردن و بەرەوپێشڤەچون ئەوەی بیری لێ نەكردەوە ئەو هەوڵانە بوون كە لەلایەن سیاسیە دۆڕاوەكانی دوێنێ و شاگردە دەنوك زەردەكانی ئەوڕۆ خۆیان لەپێناوی كردو دەكەنە عیبرەت .
پارتی لە بری ڕەدفیعل هەمیشە دەستی ئەو خەون خۆشبینانەی گرتوەو لە پێناو پاراستنی ماڵی كورد وای بەئەرێنی بینیوە ئەوانیش یەك بن و هەریەك لە ئاوازێك نەخوێنن،گەرنا لە خێراترین كاتدا دەتوانێت هێند بەش بەشتان كات هەر گروپێكتان (دۆلكەیەك) ئاو تینوێتیتان بشكێنێت،لێ جیاوازی هێزی گەورەو ماڵی ڕێكخراو لە گەڵ هێزی چكۆلەو ماڵی شپرزەو بێ خاوەن ئەوەیە ،گەورەكان دەیانەوێت ئەوانی تریش كامڵ و ڕێكخراو گەورە بن و چكۆلەی ئێوە ڕەنگیش لەبری بەخۆداچونەوەو خۆڕاست كردنەوە ڕێی ڕابردوی گەورەكانتان بەرنادەن تا بە خەونی بوونی باڵباڵێن لە ناو پارتیدا سەری بچوكی پڕ لە ڕقتان دەنێنەوە