راگه‌یاندراوی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی
ئه‌مرۆ هه‌ردوو شاندی دانووستانكاری پارتی و یه‌كێتی له نووسینگه‌ی تایبه‌تی جێگری سه‌رۆكی پارتی و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران “نێچیرڤان بارزانی” كۆبوونه‌وه، پاش كۆبوونه‌وه‌كه راگه‌یاندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاو كرده‌وه وه‌ك له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه”ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 11/12/2018 هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له هه‌ولێر كۆبوونه‌وه. چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیار و هه‌نووكه‌یی گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا، هه‌ر له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا چه‌ند خالێكی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه خراوه‌ته روو”.
یه‌كه‌م: ڕێكخستنه‌وه‌ی باشترى په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كه له ئاستی پێویستی قۆناغه‌كه‌دا بێت له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانه‌وه به شێوه‌یه‌ك كه پشتیوانی به‌هێز بێت بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
دووه‌م: پێكه‌وه‌كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدرالی له هه‌موو ئاسته‌كاندا، لابردنی به‌ربه‌سته‌كان بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه ناكۆكییان له‌سه‌ر هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی كورد له به‌غدا به شێوه‌یه‌كی كارا و به‌هێز.
سێیه‌م: دانانی لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌كی ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌بوونی هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه و دیدگای هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به عێراق و ناوخۆی كوردستان و ده‌وروبه‌ر، هه‌روه‌ها به‌رچاوڕوونی له‌سه‌ر ڕووداو و پێشهاته‌كان.
چواره‌م: پشتگیریكردن له لیژنه‌ی تایبه‌ت به پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م و ئۆرگانه‌كانی دیكه بۆ دابینكردنی سه‌قامگیری و حوكمڕانيی سه‌رتاسه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا و هاوبه‌شیی هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی كه به‌شداری له كابینه‌ى داهاتوودا ده‌كه‌ن.