رێباو حەملان: موچەی سێ‌ مانگی ئەمساڵ پاشەكەوت ناكرێت

 

لەگەڵ ئەوەی ساڵی 2018 خەریكە كۆتا دێت تا ئێستا موچەی سێ‌ مانگی مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە, وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 پاشكەوت ناكرێت. دەشڵێت، ئەگەر یاسای چاكسازی لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت، دوو كاری گرنگی تێدا جێبەجێ دەبێت، یەكەمیان مەسەلەی پاشەكەوتی مووچەیە، دووەمیشیان ئەو پاشەكەوتانەی لە رابردوودا كراون چۆن دەدرێتەوە.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و پرسی پاشەكەوتی مووچە و چەند پرسێكی دیكە رایگەیاند: “ماوەیەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یان لەنێو فەرمانبەران و مووچەخۆران، باس لە مووچەی ئەو سێ مانگەی كۆتایی ساڵ دەكرێت و دەگوترێت مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 حكومەت پاشەكەوتی دەكات، ئێمە بە راوێژ لەگەڵ جەنابی سەرۆكوەزیران بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی، وەكو لە رابردوو باسی كردبوو، وەكو حكومەت 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشدەكەین، هەر بۆیە ئێمە لەسەر هەمان رێچكە بەردەوام دەبین و 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشدەكەین و ئەو سێ مانگەش پاشەكەوت ناكرێت”.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق، لەسەر پرسە داراییەكان، رێباز حەملان دەڵێت: “ئێمە لە پەیوەندییەكی زۆر باشداین لەگەڵ حكومەتی عێراق، بە تایبەتیش ئێستا لەگەڵ بەڕێز وەزیری دارایی دكتۆر فوئاد حوسێن، رۆڵێكی ئیجابی باشیان هەبووە لەوەی لێكنزكبوونەوەیەكی تەواو هەیە، لەسەر ئیستحقاقاتی هەرێمی كوردستان لە بەشە بودجەی حكومەتی عێراقی، بۆیە هیوایەكی باش هەیە لانی كەم مەسەلەی مووچە ئەگەر 100%یش چارەسەر نەكرێت، بەڵام بەشێكی باشی چارەسەر بكرێت كە هەم بەردەوامبین لەسەر ئەوەی 30 رۆژ جارێك مووچە بدەین، هەم بزانین ئەو ئیستحقاقانەی بۆ ئێمە دابین دەكرێت لە 2019 چییە”.

وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت: “لە كابینەی هەشت كاری زۆر باشكرا، هەوڵی زۆر درا بۆ دانەوەی قەرزەكانمان، بەشێكی زۆر چاك لە قەرزی بانكە ئەهلییەكانمان چارەسەركردووە، بەردەوامین لەسەر دانەوەی قەرزی بەڵێندەرەكان، بۆیە ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی باشمان لە كابینەی هەشت دابینكرد بۆ ئەوەی بتوانین ئەو قەرزانەی لەسەر شانی حكومەتی هەرێمە، چ ئیستحقاقی كۆمپانیاكانی نەوت بێت، چ پارەی بەڵێندەرەكان، چ پارەی بانكە ئەهلییەكان، دەستمانكردووە بە دانەوە و بەردەوامین، كاری زۆر باشیشمان لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە كردووە بۆ دانەوەی قەرزەكان”.

لەبارەی پرسی پاشەكەوتی مووچە، رێباز حەملان گوتی: “پاشەكەوتی مووچە لەو یاسا چاكسازییەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بردویەتییە پەرلەمانی كوردستان، ئیستحقاقاتی فەرمانبەرانی تێدا جێبەجێكراوە، كە چۆن بگەڕێندرێتەوە، هیوادارین لەو خولەی پەرلەمان بە زووترین كات ئەو یاسایە تێپەڕێندرێت، كە ئەو یاسایەش تێپەڕێندرا، دوو كاری گرنگی تێدا جێبەجێ دەبێت، یەكەمیان مەسەلەی پاشەكەوتی مووچەیە، دووەمیشیان ئەو پاشەكەوتانەی لە رابردوودا كراون چۆن دەدرێتەوە”.

ئەو لێدوانەی وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دوای ئەوە دێت، كە لە ماوەی رابردوو فەرمانبەران و مووچەخۆران بەشێوەیەكی بەربڵاو بە تایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسیان لە پاشەكەوتكردنی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12ـی ساڵی 2018 دەكرد، ئەمڕۆ وەزیری دارایی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، كە مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ پاشەكەوت ناكرێت.
وەزارەتی دارایی ئێستا مووچەی مانگی 9ـی مووچەخۆران دابەشدەكات، بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەت ئێستا مانگانە نزیكەی 725 ملیار دیناری پێویستە، لەو پارەیەش 317 ملیار دیناری حكومەتی عێراق دەینێرێت ‌و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دابینیدەكات ‌و ئەوەی دەمێنێتەوە لە داهاتی ناوخۆ پەیدادەكرێت.

Back to top button