نێچیرڤان بارزانی و وەزیری وزەی ئەمریكا كۆبوونەوە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزیری وزەی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كودستانی كرد, لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوویەوە پاشان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوزای لە وەزیری وزەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرا..
بە پێی هەوالێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران, لە دیدارێكەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و پێری و شاندی یاوەری چەند تەوەرێك باسكراون و شاندەكە خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دووپاتیان كردەوە كە ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی جێگیربوونی سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان و دانوستانی هەولێر ـ بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، هەروەها قوربانیدانی هەرێمی كوردستانیان لە شەڕی دژی داعشدا بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و ئاشكرای كرد كە هەرێمی كوردستان وەك پاڵپشتییەكی بەهێز بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەیری ئەو سەردانەیان دەكات وەك چۆن لەگەڵ هاوپەیمانان لە شەڕی داعشدا پاڵپشت و هاوكاری هەرێمی كوردستان بوون و گرنگیی بەردەوامیی ئەو هاوپەیمانی و دۆستایەتییەیشی دووپات كردەوه.
بەڕێزیان سوپاسی ئەمەریكای كرد بۆ لێكنزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا و گەیشتن بە هەندێك لێكگەیشتن و ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەربڕی و هیوای خواست ئەمەریكا ڕۆڵی خۆی لەمبارەیەوە بگێڕێت بەتایبەتی سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك كە هەر لەسەرەتاوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكاریەكی نیشان داوە به شێوەیەك ڕێژەی ئێستای هەناردەكردن بۆ بەرژوەندی و داهاتی گشتیی عێراق بەكار بهێنرێت.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.