ئەنجومەنی دادوەری عێراق, فەرمانی بە دادگاكانی كەركووك كرد كار بە ماددەی 140ی دەستور بكەن

 

دوای چەند سالێك لە ناراستەوخۆ هەڵپەساردنی ماددەی 140ـی دەستوری عێراق و كارنەكردن بەو ماددەیە, ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئاگاداری سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركووكی فیدڕاڵی دەكاتەوە، كاركردن بە مادەی 140ی دەستوور، دەست پێبكەنەوە و سەرجەم دادگاكانی سنوورەكەش لەفەرمانەكە ئاگادار بكەنەوە.

خواكوڕك كۆپیەكی نوسراوەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەبارەی مادەی 140ی دەستووری عێراق، دەستكەوتووە كە نووسراوەكە ئاراستەی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركووكی فیدڕاڵی دەكات.

لە بەڵگەكەدا جەخت لە نووسراوێكیان دەكرێتەوە كە لە 9/ 8/ 2018 دەرچووە و داواش كراوە، سەرجەم دادگاكانی سنووری پارێزگای كەركووك لە دەستپێكردنەوەی كاركردن بە مادەی 140ی دەستوور، ئاگادار بكەنەوە.

مادەی 140ی دەستووری عێراق تایبەتە بە ئاساییكردنەوە و سەرژمێریكردن و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو ناوچە كوردستانییانەی كە لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن و لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا، تەعریب كراون.

Back to top button