پەرلەمانتارێكی عەرەب: دەبێت لە داهاتوودا ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە وەك سەربازانی سوپای عێراق بێت
لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگە تاكە هێزی بەرگریە لە هەرێمی كوردستان, لە رابردوشدا بە هەزاران كەس قوربانی داوە لە شەڕی رووبەروو بوونەوەی داعش, بەڵام لە حكومەتەكانی عێراق نەخراوەتە نێو چوارچێوەی هێزی بەرگری عێراق و هیچ ماف و ئیمتیازاتێكیان لە لایەن بەغداوە بۆ خەرج نەكراوە, ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، هەوڵی زۆر دەدرێت لە بودجەی گشتی عیراق پشكی پیشمەرگە هاوشێوەی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی زیاد بكرێت.
د. ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە: “لەگەڵ ئەندامانی كورد لە لیژنەی دارایی و بە تایبەت وەزارەتی دارایی عیراق هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی داواكارییەكانی كورد بۆ مووچە و بودجە جێبەجێ بكرێن”.
سەفار وتیشی: “ئەو ڕێژەیەی كە بۆ بودجەی كورد دیار كراوە لە %12 نامێنێت و زیاد دەكرێت و وەزیری دارایی هەواڵی باشی بە ئێمە داوە كە رێژەكە زیاتر دەكرێت”.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو: “ئێستا لە هەوڵداین داواكاریەكانی تر جێبەجێ بكرێن كە پەیوەستن بە پێشمەرگە، دەمانەوێت وەك سوپای عیراق حیسابیان بۆ بكرێت و ماف و ئیمتیازیان هاوتا بكرێت”.
ئەوەشی گوت: “پەرلەمان نووسراوی بۆ حكومەت كردووە بۆ ئەوەی بە زووترین كات حكومەت بێنە پەرلەمان و كۆبوونەوە لەگەل لیژنەی دارایی بكەن لە بارەی داواكاریەكانی كورد و لایەنەكانی تر تا بودجە پەسەند بكرێت”.
بودجەی گشتیی لە لایەن حكومەتی عیراقەوە پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و دواتر رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكرێتەوە، بودجەكە پێشتر ناڕەزایی زۆری لەسەر بوو بەهۆی ئەوەی پشكی كورد تیایدا لە %17 كرابووە % 12 و كەموكوڕی زۆریشی تیابوو.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی راگەیاند: دەبوو لیژنەكەی حكومەت كە پێداچوونەوە بە بودجەدا دەكەن بە زوویی هەوڵەكانیان بخستایەتەكار بۆ ئەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی كۆببنەوە و بودجە بێتەوە بۆ پەرلەمان، چونكە كاتەكەی درەنگ بووە.