نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبای له‌نادیه موراد كرد
له راگه‌یاندراوێكدا نووسینگه‌ی سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مرۆ نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له براوه‌ى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى، ناديه موراد كرد و هه‌ردوولا ره‌وشى ئێزدييه‌كانيان تاوتوێكرد.
هه‌ر له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه، له دیدارێكدا نێچيرڤان بارزانى دووباره پیرۆزبایى له ناديه موراد كرد بۆ وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌كه و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگیرییه‌كى بۆ كار و چالاكییه مرۆییه‌كانى له‌پێناو ئاشته‌وایى و خزمه‌تكردنى قوربانیانى ئێزدى و گه‌یاندنى ده‌نگیان به جیهان، هه‌وڵه‌كانى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و به‌سزاگه‌یاندنى تیرۆرستانى داعش و ناساندنى كه‌یسى ئێزدییان وه‌ك جینۆساید له جیهان و پاراستنیان، دووپات كرده‌وه.
هه‌روه‌ها له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شكراوه، له‌و ديداره‌دا، ناديه موراد سوپاسى سه‌رۆك وه‌زیرانى كرد و پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى به‌سه‌رهات و تراژیدیاى خۆى و ئێزدییانى خسته‌ڕوو و تیشكى خسته سه‌ر هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامى و ئاشته‌وایى بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى و ته‌واوى قوربانیانى ده‌ستى تیرۆر به‌گشتى، هه‌روه‌ها باسى له دۆخى ئێستاى ئێزدییان و ناوچه‌ى شه‌نگال به‌تایبه‌تى كرد و داواى كرد حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رۆڵى خۆى له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شنگال و ناوچه‌كانى دیكه‌ى ئێزدییان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌كان و ژیان و پاراستنى سه‌قامگیرى له‌و ناوچانه، بگێڕێت.