ناتانیاهۆ بۆ ئێران, بوەستن ئەگینا دەتانوەستێنین
لەگەڵ ئەوەی گرژیەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران درێژەی هەیە, ئێران لە رێگای میدیاكانەوە بەردەوامە لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل لە وەڵامی ئێران ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران كرد، ئەگەر تاران بیەوێت زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت.
لە بەیاننامەیەكدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، “هەموو ئەگەرەكان لەبەردەم ئیسرائیل كراوەن بۆ بەرگریكردن لە وڵاتەكەمان بەرامبەر بە رژێمی ئێران، كە هەمیشە هەرەشەی لەناوبردنی دەوڵەتی یەهودی دەكات”.
سەرۆك وەزیری ئیسرائیل دووپاتیكردەوە، “بەدووری نازانم هەر هەنگاوێك بنێین كە پێویست بكات بۆ بەرگریكردن لەخۆمان، سوپای ئێمە تاكە سوپایە لە جیهان كە ئێستا كار لە دژی هێزە ئێرانییەكان دەكات، ئێستا ئەو هەڵوێستەمان لە سووریا پیادە دەكەین و رووبەڕووی ئەو هێزانە دەبینەوە”.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشدا، “ئێرانییەكان دەیانەوێ سوپاكەیان بهێننە ئێرە و لە دووری 1500 كیلۆمەتر لە ئێرانەوە بیانگوازێتەوە سنوورەكەمان، بۆئەوەی ئەو مووشەكانەیان لێمان نزیك بكەنەوە، كە دووری 400 كیلۆمەتر بۆ 700 كیلۆمەتر دەبڕن، تاوەكو بتوانن هەموو سوچێكی ئیسرائیل بپێكن”.
ناتانیاهۆ لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: “هەروەك ئێران دەیەوێت 80 هەزار چەكداری میلیشیای شیعە بهێنێتە ناو خاكی سووریا، دیارترین ئامانجیشی لەناوبردنی ئێمەیە”.
هەروەها جەختی كردەوە، “سیاسەتی من داوای وەستاندنی ئەوان دەكات، رووبەڕووی شتە خەراپەكان دەبینەوە، تا ئەو كاتەی لە سووریاش رووبەڕووی ئێران ببینەوە، شتەكان هەر بچووكن، بەڵام ئەگەر بێت و پێویست بێت و ناچاربین، هەموو ئەوەی لەتوانامان بێت ئەنجامی دەدەین، بۆئەوەی بەرگری لەخۆمان بكەین”.