فازڵ بەشارەتی چەند زانیاریەك لە بارەی كابینەی داهاتووی حكومەت ئاشكرادەكات
دوای ئەوەی پارتی سەردانی چەند لایەنێكی سیاسی كرد بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێم, ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت:” ئەو لایەنانەی بەشداری لە كابینەی داهاتووی هەرێم دەكەن، پێویستە لە شەقام و پەرلەمانیش سەر بە حكومەت بن، هاوكات دەشڵێت، “خواستی حزبەكەی لەسەر بەشداری گۆڕان لە حكومەت، بۆ ریزبەندی حزبەكان دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی ئەو بزوتنەوەیە سێهەم گەورە حزبی هەرێمە”.
فازڵ بەشارەتی بەرپرسی پێشووی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە، رایگەیاندووە، “ئێمە كە حزبی براوەی یەكەمین، ناچینەوە سەر رێچكە شكستخواردوەكانی رابردوو، نە حكومەتی پەنجا بە پەنجا و نە حكومەتی بنكە فراوان، بەڵكوو دەبێت حكومەتی هاوپەیمانی پێكبهێنرێت، واتە ئەوەی لە حكومەتدایە پێویستە لە شەقام، لە پەرلەمان و لە ناو حكومەتیش سەر بە حكومەت بێت، نەك وەك كابینەی هەشتەم كە وەزیرەكان تا نیوەڕۆ وەزیر بوون و دوای نیوەڕۆ لە میدیاكانەوە سوكایەتیان بە حكومەت دەكرد و تانەیان لە دەسەڵات دەدا”.
لە بارەی بەشدارپێكردنی گۆڕان لە حكومەت، فازڵ بەشارەتی گوتی: “بابەتەكە ئەوە نییە كە ئێمە ئاشقی بزوتنەوەی گۆڕان بین، ئێمە زۆر باش مێژووی ئەو بزوتنەوەیە دەخوێنینەوە و دەزانین كە چ هەڵایەكی لەم وڵاتە دروست كرد، بەڵام یاسایەك هاتۆتە پێشەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان قبوڵ دەكات نەك لایەنێكی تر، لەبەر ئەوەی ئێمە وەك براوەی یەكەم دانوستان لەگەڵ حزبی براوەی دووەم و سێهەم دەكەین”.