فالح فەیاز لە کاندید بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دەکشێندرێتەوە

دوای تێپەڕینی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەھۆی ناكۆكی كوتلە سیاسییەكانەوە تا ئێستا نەتوانراوە کابینەی نوێی حکومەت  بەتەوای پێکبهێنرێت بەتایبەت زیاتری ناکۆکیەکان لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆ قوڵبووەتەوە، بە پێی  زانیاریەکان کاندید ئەو پۆستە دووای دووجار لەشکستی دانیشتنی پەرلەمان، دەگۆڕدرێت.

 بەپێی زانیاریەکانی (خواکوڕک) هەفتەی داهاتوو جارێكی دیكە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر ناوی كاندیدان بۆ 8 پۆستی وەزارەت كۆببێتەوە.

هاوپەیمانێتی سائیروون، بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری لەسەر کاندیدی وەزارەتی ناوخۆی عێراق فالح فەیاز ناكۆكن.

عەباس ئیسماعیلی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، بەگوێرەی چەند زانیارییەكی دزەیپێكراو، فەیاز لە كاندیدكردن بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دووردەخرێتەوە.

لەبارەی كاندیدی وەزارەتی بەرگریشەوە گوتی، كوتلە سوننییەكان سوورن لەسەر رەتكردنەوەی فەیسەڵ جەڕبا بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری، ئەمەش ھەلی ھاشم دەراجی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە زیادكردووە.

12 مانگی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام تا ئێستا حکوومەت بە ناتەواوی ماوەتەوە، پەرلەمانیش لە 5 کۆبوونەوەی رابردوودا بۆ دەنگدان لەسەر ئەو 8 وەزارەتەی ماون، شکستیهێناوە و نەیتوانیوە ئەو پرسە تێبپەڕێنێت.

Back to top button