عەلی باپیر لە خەونمدا پارتی سەردانی کردین
یاد سرێشمەیی
پرسی پێکهێنانی حکومەت ئێستا مژاری گەرمی ناوەندی سیاس هەرێمە، لەدوا هەڵبژاردن کورسیەکان بە جۆرێک کەوتنەوە، سەرلەبەری ئەو هاوکێشەیەی گۆڕی کە پێشووتر حکومەتی لەسەر ئاوا دەکرا، قۆناغی (فیفتی بە فیفتی) کە لە نێوان پارتی و یەکێتی وەک ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو حزبە دەبینرا گوزەشت، جیاوازی دەنگەکان بەئاستێک گەیشتن تەنانەت دەرفەتی بۆ بیرکردنەوە لەوەها رێککەوتنێک نەهێشتۆتەوە، ئەگەر چی یەکێتی تا هەنووکە دانی بە ئاوابوونی قۆناغی (پەنجا بە پەنجا)ـداناوە، بەڵام تەکەز دەکات کە حساب بکڕێت بۆ پێگەیان و لەبەرچاوگرتنی هێزی دەرەوەی سندووقەکانی دەنگدان، کە ئەمەش لە دوونیابینی دیمکراسیدا جێگەی نابێتەوە.
پاش ئەو قۆناغە کابینەی هەشت وحکومەتی بنکە فراوان هات ئاراوە، بە بەشداری پێنج حزبی باڵادەستی کوردستان، بەڵام ئەو حزبانەی کە تەنها لە فەزایەکی نائارام گەشەدەکەن، لە پەرلەمان و میدیاکانەوە سەنگەریان لەو حکومەتەگرت کە خۆیان بەشدار بوون تێدا، بەجۆرێک لە ڕۆژدا لە حکومەت و شەوانیش ئۆپۆزسیۆن بوون، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان کەوتە ناوەڕاستی چەقی چەند کێشەیەکی جیهانی و هەرێمی وەک شەڕی داعش و داکەوتنی نرخی نەوت، ئەوان لەبری دەستبارگرتن لەگەڵ حکومەت لە ژێرەوە دنەی مووچەخۆر و لە میدیاکانیش پەیامی رووخاندنی حکومەتیان دەدا بەبێ بوونی جێگرەوەی چارەسەرکار، سیاسەتی حەبل بازی و دووفاقیان بەرامبەر بە حکومەت و دەنگدەرانیان گرتبووە بەر، تا لە نیوەی ڕێگا حکومەتیان بەجێهێشت.
ئێستا قۆناغێکی دیکەیە بە دڵنیایەوە ئەوانەی دەیانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بکەن، یان پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت گفتوگۆیان لەگەڵ بکات، دوێنێیان بیرچوو بەتایبەت وەستانەوە دژ بە پرسە نەتەوەییەکان، تا ئێستا ڕوانگەی پارتی دیار نیە ئەرێ بەشداری بە حزبە ئیسڵامیەکان دەکات بەتایبەت کۆمەڵی ئیسڵامی ، بەڵام ڕوونە ئەگەر بەشداری پێنەکات بەهۆی هەڵوێستەکانی ئەمیری ئەو حزبەیە بەرامبەر پرسە نیشتمانیەکان لە سەرووی هەمووی ریفراندۆم.
نا ڕوونی دیدگای پارتی بۆ بەشداری پێکردنی کۆمەڵی ئیسڵامی و هەنگاوەکانی دوو گەڕی دانوستانی پارتی بەبێ سەردانی کردنی ئەو حزبە، ئەگەر چی سکرتێری پارتی ڕایگەیاندووە سەردانی هەموو حزبەکان دەکەن، ئەمیری کۆمەڵی تەنگەتاوکردووە، بە جۆرێک لە دووڕیانی بەشداری پێکردن و نەکردندا بە ئاشکر کادرانیان لە میدیاو سۆشیڵمیدیا، عەلی باپیر لە میانەی سەردانی کردنی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە حەزدەکەن بەشداریان پێبکرێت و نازانن پارتی بۆ سەردانیان ناکات، بۆچی بەشداریان پێناکرێت لە گفتوگۆکان، ئێستا قورسای ئەمیری کۆمەڵتان لێدیارە، لێتان دەپرسم ئەوە حالی عەلیی باپیربێت تا مردن باس لە ریفراندۆم بکات بەچی دەچێت؟ هەر هێندە ماوە خەونێکیش بە سەردانی کردنی پارتی ببینێت.