ترەمپ وەزیرێكی تری حكومەتەكەی لە كار دووردەخاتەوە
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و وەزیری دادی ئەمریكا لە پۆستەكانیان دوورخرانەوە لە دواهەمین تویتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك سەرۆكی ئەمریكا ڕای گەیاند، وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەی، لە كۆتایی ئەمساڵدا پۆستەكەی بەجێ دەهێڵێت، هاوكات ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرای كردوە، كە وەزیرەكە سێ دۆسیەی گەندەڵی لەسەرە..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە توویتێكدا لە تۆڕی كۆمەلایەتی توویتەر، ڕای گەیاند: “ڕایان زینكە، وەزیری ناوخۆ، سەری ساڵ كۆتایی بە خزمەتەكەی دێنێت، ئەمەش دوای نزیكەی دووساڵ خزمەتكردن”.
هەروەها نووسیویەتی: “ڕایان سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێناوە لە ماوەی خزمەتەكەیدا بۆیە منیش دەمەوێت سوپاسی بكەم بۆ ئەو خزمەتەی بە نەتەوەكەی ئێمەی كردووە”.
پێشتر لەمانگی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، نووسینگەی پشكنەری گشتیی، دەستەی چاودێری لە ناوخۆی ئەمریكا ڕاپۆرتێكی تایبەتی لەبارەی زینكی بڵاوكردەوە و تۆمەتی بەرپرسیارێتی خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتی خستە پاڵی.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، وەزیری ناوخۆی ئەمریكا ڕێگەی بەهاوسەرەكەی و كەسانی دیكەی خێزانەكەی داوە، ئۆتۆمبێلەكانی حكوومەت بۆ كاری تایبەتی خۆیان بەكار بهێنن.
ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست”ی ئەمریكی لەسەر زاری سەرچاوەكانی لە وەزارەتی ناوخۆ بڵاویكردەوە، كە نووسینگەی پشكنەری گشتیی سێ دۆسیەی لەسەر وەزیرەكە كردووەتەوە، كە پەیوەندییان بە بەسەربردنی مۆڵەتێك هەیە لە گەڵ هاوسەرەكەی لەهاوینی ساڵی 2017 لە یۆنان و بڕی 25 هەزار دۆلاری لە سامانی گشتی خەرج كردووە.
هەروەها كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە ویلایەتی مۆنتانا كە زینكی و خێزانەكەی مامەڵەیان پێوە كردووە، هەروەها ڕەتكردنەوەی داوای دوو هۆزی هندییە سوورەكان بۆ كردنەوەی گازینۆیەك لە ویلایەتی كۆنیكتیكۆت.