مه‌سعود حه‌یده‌ر: سه‌رۆك بارزانی به‌ڕاشكاوانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵادارانی به‌غدای ڕاگه‌یاند ئه‌و خواسته‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌مان بووه‌ هه‌ر زیندووه‌

 

مه‌سعوود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق و سیاسه‌تمه‌داری كورد له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان 24 ڕایگه‌یاند له‌ باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم دووپاتیكرده‌وه‌، “سه‌ردانی حه‌لبووسی بۆ هه‌رێم زۆر گرنگه‌، چونكه‌ رۆڵێكی به‌رچاو بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق ده‌گێڕێت”.

مەسعود حەیدەر سەبارەت بە كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سەرۆک بارزانی و حه‌لبووسی گوتی: “یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ناوه‌ندی بڕیاری سیاسی كوردی لای سه‌رۆك بارزانییه‌ و عێراقییه‌كان ئه‌و به‌ مه‌رجه‌عی كورد ده‌زانن و ده‌یانه‌وێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری سیاسی عێراق، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵیدا بكه‌ن”.

 

سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی حه‌لبووسیش له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان مەسعود حەیدەر بە (کوردستان ٢٤)ی ڕاگەیاند: “له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا دۆخی گشتی عێراقیش تاوتوێ كراوه‌ ، هه‌تا له‌و سه‌ردانه‌شمان كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا كردمان، جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانی عێراق ئه‌زموون له‌و هه‌ڵانه‌ی رابردوو وه‌رگرن، كه‌ له‌ ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت كراون و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌نه‌وه‌ و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور كیشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن”.

 

ئاشكراشیكرد، “له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی بۆ به‌غدا، سه‌رۆك بارزانی له‌ سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق به‌ڕاشكاوانه‌ دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری مافه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد و خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌مان نابین”، گوتیشی: “سه‌رۆك بارزانی به‌ به‌رپرسانی عێراقی راگه‌یاندووه‌، ئه‌و خواسته‌ی بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌مان بووه‌، هه‌ر زیندووه‌ و ده‌ستی لێ هه‌ڵناگرین”.

 

Back to top button