سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕان: مەسرور بارزانی پێگەیەکی بەهێزی هەیە و دەتوانێ هەنگاو بۆ چارەسەری گەندەڵی بنێت

پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی بۆ سه‌رۆكایه‌تیكردنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راسپێردرا، بڕیاره‌ دوای سه‌ری ساڵی نوێ حكومه‌تی هه‌رێم پێكبهێنرێت..

 

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی پێگەیەکی بەھێزی ھەیە و کەس ناتوانێ دەستی بگرێت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و دەتوانێ ھەنگاو بۆ چاکسازی بنێت. ئەوەش ئاشکرا دەکات کە یەکێتی سلێمانی و کۆیەی سزا داوە.

 

موهه‌ندیس جەختیشی لەوە کردەوە، ئەگەر جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بڕیاری دا بەشداری کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەوە “بەلای ئێمەوە گرنگە، دەستوور و سیستەمێک بۆ ئەم وڵاتە دابنێین کە خۆی لە سیستەمی پەرلەمانیدا ببینێتەوە، تاوەکوو بتوانین ھاوشێوەی وڵاتانی دیکە، بەھۆی ئەو سیستەمەوە بەرەوپێشەوە ھەنگاو بنێین”.

 

ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر تائێستا حکوومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دەستی گیرابێت، ئەوا “لەمەودوا ناتوانرێت دەستی مەسرور بارزانی بگیرێت، دواجار مەسرور بارزانی پێگەیەکی بەھێزی ھەیە، بۆیە ئەگەر بیەوێت، دەتوانێ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و ھەنگاویش بۆ چارەسەری گەندەڵی بنێت”.

 

بە بڕوای سەرکردەکەی گۆڕان، بەهۆی ئەوەی یەکێتی دەسەڵاتی بەسەر سلێمانیدا هەیە و دواتریش خەڵکی دەنگیان بە یەکێتی نەداوەتەوە، بۆیە “یەکێتی خەڵکی سلێمانی سزا داوە”. هاوکات داوا دەکات کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی، خزمەتی ھەموو شارەکانی کوردستان بکات.

 

Back to top button