لە عەفرین تەقینەوەیەک رویدا

دوای ئەوەی شاری عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا داگیرکرا، چەندین جار تەقینەوە رویداوە نیواڕۆی ئامڕۆش لە ناوەڕاستی بازاڕی (الهال) لە سەنتەری شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان تەقینەوەیەکی بەهێز ڕووی دا و بەهۆیەوە ژمارەیەک قوربانی لێ کەوتەوە.

سەرچاوە هەوالیەکان بڵاویان کردەوە، تەقینەوەکە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجام دراوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس کوژراون و بریندار بوون، بەڵام تائێستا نازاندرێت ژمارەی تەواوی قوربانییەکان چەندە.

هاوکات میدیاکانی سەر بە پەکەکە لەبارەی تەقینەوەکەوە باس لەوە دەکەن کە تەقینەوەکە لەنێو هێزەکانی سوپای سووریای ئازاد ڕووی داوە و کوژراو و بریندارەکانیش هەر لە ڕیزی ئەو هێزانە دان. بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم زانیارییە پشتڕاست نەکراوەتەوە، هەرچەندە لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا وادەردەکەوێت کە یەکێک لە قوربانییەکان جلی سەربازی لەبەردا بێت.

لە ماوەی ڕابردوودا شاری عەفرین ژمارەیەک تەقینەوەی بەخۆیەوە بینیوە کە دواترینیان ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو بوو کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٤ کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە.

شاری عەفرین لە لایەن سوپای تورکیاوە دەستی بەسەردا گیراوە و هێزەکانی سوریای ئازاد لە شارەکەدان، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش هەندێکجار چالاکیی سەربازی لە دژی هێزەکان ئەنجام دەدات و بەرپرسیارێتییەکەشی لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو تەقینەوانە ڕانەگەیاندووە کە لە نێو بازاڕەکان و شوێنە گشتییەکاندا ڕوودەدەن و کەسانی سڤیل دەکەنە قوربانی.

Back to top button