سبەی رۆژی ئاڵای پیرۆزی كوردستانە

 

ساڵانە رۆژی 17ی كانوونی یەكەم بەڕۆژی ئاڵای كوردستان دادەنرێت. لەو رۆژەشدا چەندین چالاكی و سیمیناری تایبەت بۆ بەرزراگڕتنی ئەو رۆژە رێكدەخرێت.بۆ ئەمساڵیش ئامادەكاری كراوە كە لەسەرجەم شارو شارۆچكەكاندا مەراسیم سازبكرێت..
بە پێی زانیاریەكانی خواكوڕك سبەی لە زۆربەی یسەنگەرەكانی پێشمەرگە مەراسیمی تایبەت بەبۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستانهەیە ، ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەرجەم سەنگەرەكان بەرزدەكرێتەوە.

پێناسەی ئاڵای نەتەوەیی كوردستان
“ئاڵای كوردستان پێكهاتووە لە سێ رەنگ و دروشمێك لە ناوەندی”.

رەنگەكان
ئاڵای كوردستان لە لاكێشەی ئاسۆیی پێكهاتووە، لاكێشەی سەرەوە رەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند رەنگی سپییە، لاكێشەی خوارەوە رەنگی سەوزە، بەرینی ئاڵا دوو لەسەر سێی درێژییەكەیەتی، لەساڵی (2009)دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا رۆژی (17)ی كانوونی یەكەمی‌ هەموو ساڵێك یادی رۆژی‌ ئاڵای‌ كوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بكرێتەوە.

دروشمی نەتەوەیی
دروشمی نەتەوەیی ئاڵای كوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە 21 پەڕ (تیشك)ی یەكسان و هاوشێوەی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی دوو لەسەر سێیەتی قەبارەی ئاڵا، خۆری زێڕین بە پەڕەكانییەوە یەك پێوەرەو بەبێ پەڕەكان نیو پێوەر، ئەم پەڕانە شێوەیان راستەو لەدەرەوە خاڵێكی تیژ دروستدەكەن، خۆرەكە دەبێت رێك لە‌ چەق (ناوەندی) ئاڵای كورستان جێگیربێت، خۆر بەشێوەیەك جێگیركراوە كە ستوونی ناوەندی ئاڵا بەناو خاڵی تیژی بەرزترین پەڕ (تیشك) تێدەپەڕێت.

چۆنییەتی پێكهاتەی رەنگەكان
رەنگەكانی ئاڵای كوردستان بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
(سوور، سەوز، زەرد، سپی)

شێوەكانی بەكارهێنانی ئاڵا
1- هەڵواسینی بە درەختدا، پێویستە خۆرەكەی لەهەردوو رووەوە دیار بێت.
2- بەرزكردنەوەی لەباری پانی، رەنگی سور لەسەرەوەو رەنگی سەوز لەخوارەوە.
3- بەرزكردنەوەی لەباری درێژی، سور لەلای چەپ و رەنگی سەوز لەلای راست.
4- لەیەخەدانی وەك رۆزێت لەسەر سینگ، لەلای چەپ لەسەر دڵ هەڵدەگیرێت.
5- دانانی لەسەر مێز، پێویستە بەلای چەپدا بشكێتەوە.

رۆژی ئاڵا
لەساڵی 2009 دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا كە رۆژی 17ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەكو رۆژی ئاڵا دیاریبكرێت و لەو رۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێن و نوێبكرێنەوە، هۆكاری دانانی ئەم رۆژەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە لە 17ی كانوونی یەكەمی 1946 ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی كۆماری مەهاباد هەڵكرا.

Back to top button