واز لە كەركوكییەكان بێنن
ئاریان فەرەج
سایتی خەبەریی ( بۆڵتن نیوز)ی ئێرانی نوسیویەتی: میدیای پارتی وەك (میدیایەكی دوژمنكار) هەوڵ دەدات پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركوك تێكبدات. سایتی نێوبراو كە بە عەقڵیەتی دەستوەردان لە كاروباری ووڵاتێكی دیكە، بێ پاساو خۆ لە كێشەی كەركوك هەڵدەقورتێنێ و داكۆكی لە داگیركاری و وەزعی بە زۆر سەپێندراوی سەر شارەكە دەكات، بەو لۆژیكە نامەشروعە، سوكایەتی بە ئیرادەی خەڵكی عێراق و بەو چارەسەرە دەستوریە دەكات كە نەك هەر كورد بەڵكو كۆی عێراقییەكان بۆ چارەسەری گرفتی كەركوك لە دەستوردا پەسەندیان كردووە.
(بۆڵتن نیوز) دەبوا بزانێ كەركوك كێشەیەكی مێژووییە و زادەی ئەمڕۆ نییە، شارێكە بە سەنەدی مێژوویی و جوگرافی بەشێكە لە كوردستان و سەدەیەكە رژێم دوای رژێم هەوڵی تەعریب و دابڕاندنی دەدەن و كوردیش كە شۆڕشی ئەیلولی لەسەر دانا، مەحاڵە دەستی لێهەڵگرێ و بەو زوڵم و ناهەقییە قایل بێت. پێكەوەژیان و ئیستقرار لەو شارەدا تەنیا بە لابردنی ئەو زوڵمە و گێڕانەوەی حەق بۆ خاوەن حەق دێتەدی، خودا و دین و یاساش پشتیوانی حەقن نەك ناهەقی.
ئەوەی پێكەوەژیان لە كەركوك دەشێوێنێ دروشم وسیاسەتی پارتی نییە كە هەمیشە بە گوفتار و كردار تەئكیدی كردۆتەوە كە شاری هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانە بەڵام بە ناسنامەیەكی كوردستانی، ئەوەی تەفرەقە دەنێتەوە داگیركاری و تەعریب و سەپاندنی ناسنامەیەكی نامۆ و نادیدەگرتنی ئیرادەی خەڵكەكەیەتی، ئەو ئیرادەیەی لە ریفرانۆمدا زۆر بە روونی تەعبیری لەخۆی كرد.
تا پێشمەرگە لە كەركوك بوون و دەیانپاراست، كۆی پێكهاتەكان دڵتەئمین بوون و هەم تەبایی بەرقەرار بوو، هەم دەستی داعشی لێ دوور بوو، ئێستا كە ژێردەستەی دۆخێكی داسەپاوی میلیشیایی و مەزهەبی و عەسكەرتارییە، هەم تەعریب و تەفرەقە و جیاكاری مەزهەبی لە ئارادان و هەم مەترسیی داعشیش زیندووبۆتەوە.
میدیای پارتی تەفرەقە نانێتەوە، بەڵكو داوای ئاسایی كردنەوە و كۆتاییهێنان بەو رەوشە نارەوا و داسەپاو و نادەستورییە دەكات كە گەر بەردەوام بێت جگە لە تەفرەقە ئاكامێكی دیكەی نابێ. ئەوەی تەفرەقە دەنێتەوە و بێویژدانییە ناوهێنانی میدیای پارتییە بە دوژمنكار.
ئەوان گەر بە راستی لە خەمی پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركوك وعێراقدان، تەنیا ئەوەندە بەسە دەستێوەردان و خۆهەڵقورتاندن لە كاروباری عێراق و كوردستان كۆتایی پێ بێنن، ئەوكات عێراقییەكان و كەركوكییەكان باش دەزانن چۆن پێكەوە بژین.