بنهماڵهی تاڵهبانی و كۆسرهت رهسوڵ لهسهر پۆستێك ناكۆكن
وا دیارە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی یەكلایی بووەتەوە، بەڵام پێدەچێت یەكلاكردنەوەی پۆستەكە لە نێوخۆی یەكێتیدا قورستر بێت لەو دانوستاندنەی حیزبەكە سەرۆكایەتی پەرلەمانی پێوەردەگرێ، بەو پێیەی زیاتر لە بەربژێرێك هەن كە دەیانەوێ ببنە سەرۆكی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.
هەریەك لە بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی داوایان كردووە بكرێنە بەربژێری یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و رای زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتیش ئەوەیە كە ناوی ژنێك بدەنە پارتی. بەڵام گرفتەكە ئەوەیە هەردوو بەربژێرەكە لە دوو ئاراستەی جیاوازی نێو یەكێتین. رێواس فایەق، نزیك لە كۆسرەت رەسوڵ ناوی دەبرێ و بێگەرد تاڵەبانیش پاشناوەكەی دەڵێت پەسەندكراوی ماڵی تاڵەبانییە.
عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێ لەو كۆبوونەوە و دانیشتنانەدا بەشداری نەكردووە كە باسوخواسی پۆستەكانی تێدا كراوە: “ناوی بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق هەیە، بەڵام ئەگەر كاك قوباد ئەو پۆستە وەربگرێ، ئەو دەبێتە بەربژێری یەكێتی”.
پێش دەستپێكردنی دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەت، ئەو حیزبە لەسەر زمانی گوتەبێژەكەیەوە رایگەیاند كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان مافی یەكێتییە. ئەوەش پەیامێك بوو بۆ ئەوەی پارتی و گۆڕان ئەو پۆستە نەبەنە سەرمێزی دانوستاندنی نێوانیان.
هەریەك لە بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق، بە تایبەتمەندییە جیاوازەكانی خۆیانەوە چوونەتە نێو ركابەرێتییەوە، هەوڵدەدەن پێش ئەوەی پرسەكە بچێتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، لۆبییەكی باشی بۆ بكەن. بەڵام بەرپرسێكی یەكێتی كە لە باڵی دەستڕۆیشتوی یەكێتی نزیكە، پێیوایە بێگەرد تاڵەبانی، زۆرتر پابەندی بڕیارەكانی حیزبە و لە چوار ساڵی رابردوودا رۆڵی زۆرتری گێڕاوە :”لە بەشێك لە شاندەكانی دانوستاندنی یەكێتی لەگەڵ حیزبەكان ئەو ئەندام بووە و تەنانەت گۆڕانیش لە زۆر پرسدا رایان ئەرێنی بووە لەسەری. لەو دواییانەشدا رۆڵی چالاكی هەبوو لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بۆیە چانسەكە زۆرتر بۆ ئەوە و دوور نییە ببێتە یەكەمین ژن كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێ”.