برێت مەكگۆرگ پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكات

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گەیشتە هەولێر لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەیەوە دواتر سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانكرد, لە دیدارەكەدا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد بەبۆنەی كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە برێت مەكگۆرك نوێنەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و دۆگلاس سلێمان باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق و كۆنسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا دوا پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە و عێراق، پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، پاڵپشتیی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و حكوومەتەكەی، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و دانوستانەكانی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران.

لە دیدارەكەدا مەكگۆرك پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ پاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و جەختی كردەوە دیالۆگی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و دووپاتی كردەوە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزە سەرەكییەكانەوە پێك دەهێنرێت.

Back to top button