محەمەدی حاجی مەحموود: داواكارم هەڵكردنی ئاڵای كوردستان وەك جەژنی نەورۆز لە هەرچوار پارچەی كوردستان بێت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ بە مەبەستی بەرز راگرتنی رۆژی ئاڵایی كوردستان لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان مەراسیم و چالاكی جۆراو جۆر بەڕێوەچوون, سەركردە سیاسیەكان لەو رۆژەدا پەیامیان هەبوو لە پەیامێكیدا محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ، داوا دەكات لە ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا، ئاڵاكە لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەڵبكرێت.
محەمەدی حاجی مەحموود لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسینێكی بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستان بڵاوكردووەتەوە تیایدا داوا دەكات”ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان وەك جەژنی نەورۆز لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان هەڵبكرێت رۆژی ئاڵای كوردستان بەرز رابگیرێت”.
كاكە حەمە دەشڵێت” هەر نەتەوەیەك خاوەنی مێژوو و كلتوور سەربەخۆی و ئازادی نەبێت ئەوا ئەو میللەتە هەمیشە چەوساوە و داگیركراوە بۆیە پێویستە هەمووان ئاڵاكەمان ئاڵای كوردستان بەرز رابگرین”.
شایەنی باسە, بەپێی بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان ١٧ی١٢ ی هەموو ساڵێك وەكو ڕۆژی ئاڵای كوردستان ناسێندراوە و لەو ڕۆژە لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكوومەت و پەرلەمان و قوتابخانە و زانكۆكان ڕێوڕەسمی تایبەت ئەنجام دەدرێت و ئاڵای كوردستان هەڵدەكرێت
.