شاندی پارتی بۆ كۆبوونەوە له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان گەیشتە سلێمانی

شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌، چوونەتە شاری سلێمانی و لە ئەگەری تەواو نەبوونی كۆبوونەوەكان لە ئەمڕۆ بۆ ڕۆژانی تریش دەمێننەوە.

له‌م باره‌یه‌وه‌ بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیانێ، شاندەكەی پارتی بۆ كۆبوونەوە و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ ئەمڕۆ گەیشتنە سلێمانی و گفتوگۆكان دەست پێ‌ دەكەنەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی گوتی، شاندەكەی پارتی پێكهاتووە لە ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد و هێمن هەورامی و فرسەت سۆفی كە وەك شاندی یەكەمی پارتییە بۆ سەردانی سلێمانی.

ئاشكراری كرد، شاندەكەی پارتی ئەمڕۆ گفتوگۆكانی چڕ دەكاتەوە بۆ ئەوەی بەشی زۆری پرسەكان یەكلا بكاتەوە، ئەگەری هەیە ڕۆژێكی تریش بمێننەوە تا گفتوگۆكان بەرەو كۆتایی بچێت.

لە هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا وەك حزبی یەكەم مافی پێكهێنانی حكوومەت هەیە، یەكێتی 21 كورسی و گۆڕان 12 كورسی و حزبەكانی تریش لە خوارووی 10 كورسییان بەدەستهێنا.

 

Back to top button