ته‌واوی زانیاریه‌كان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاشكرا ده‌بێت

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاشكرای دەكات، باشتركردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا یەكێكە لە كارەكانمان و ئێستە هۆڵەندا سێ‌ هەزار پەنابەری كوردی لەخۆ گرتووە.

لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا کە دوای کۆبوونەوەی نێوانیان ئەنجام درا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: ”داوا لە هۆڵەندا دەکەین، لە سێکتەری خۆراک و کشتوکاڵدا هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات کە لەم بوارەدا هۆڵەندا ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیە“.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی کە لە بەشێکی کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە کە ”پێشبینی دەکرێ پەیوەندیمان بەرەو پێشەوە بچن لەم کابینەیەدا. هەروەها باس لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا“.

وستیڤ بلوك وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی، پێوەندییەكی زۆر پتەو هەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا، كۆمەڵگەیەكی بەهێز هەیە لە نێوانمان و سێ‌ هەزار پەنابەری كورد هەیە لە هۆڵەندا، ئێمە لە وەزارەتی دەرەوە دەمانەوێ پێوەندییەكانمان بەهێز بكەین بۆ ئەوەی پێوەندی بازرگانی بەهێز دروست بكەین و هاوبەشی بكەین.

جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیرییەکی تەواوی ”هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا“ دەکات. هاوکات هیوا دەخوازێت لە داهاتووێکی نزیکدا، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان درووست بکرێت، چونکە ”تموحات هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەتر“.

هیوادارین لە داهاتوویەكی نزیكدا حكوومەتی نوێ‌ دروست بكرێت و پێوەندییەكان بەهێزتر بێت و چاوەڕوانین هەرێمی كوردستان بەهێزتر بێت. وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا وای گوت.

 

Back to top button