رۆشنبیرێكی هەڵەبجە بۆ پەكەكە چوار ساڵە كوڕەكەمتان رفاندووە پێم پیشان نادەن ویژدانتان لە كوێیە
دوای ئەوەی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە چوار ساڵ بەر لە ئێستا ەنجێك لە لایەن چەكدارانی پەكەكە دەڕفێندرێت, دوای چەندین جار لە سەردانی كردنی دایك و باوكی ئەو گەنجە بۆ لای پەكەكە تا ئێستا كوڕەكەیانیان پێ پیشان نەداون, باوكی گەنجەكەی هەڵەبجە كە یەكێكە لە رۆشنبیر و شاعیرانی ناوچەكە دوای چوار ساڵ لە بێ هیوا بوون, نامەیەك بۆ سەركردایەتی پەكەكە دەنێرێت.
نەجمەدین گۆریان شاعیرو نوسەرلە نامەكەدا وەك باوكێك دەپرسێت (چۆن باسی ئازادی و ماف دەمەن لە كاتێكدا بوار نادەن دایك و باوكێك چاویان بە كوڕەكەیان بكەوێت؟)
(ئەو ڕەفتارەی ئێوە بە ڕێگریكردن لە دیداری دایك و مناڵەكەی لە كام. ویژدان و ئاین و ئایدۆلۆژیایەك بوونی هەیە؟)
دەقی نامەی رۆشنبیرەكەی هەڵەبجە
نامەیەكی كراوە بۆ برادەرانی pkk لە كام قوتبی گەردونن
نزیكەی چوار ساڵە خۆم ئەبویرم لەوەی ئەم پەیامە بنوسم ، بەڵام ئەوەی لێی ترساین گەشتینە ترۆپكی بێ هیوایی و پڕ پڕ بوین لە نیگەرانی .
ئەو ماوەیە هەر رۆژەو لە دەرگای كەس و لایەن ئەدەین ، تكا ئەكەین …. هاوارو زەنامانە …. باسی خەمگینی و دڵ تەنگی خۆمانیان بۆ ئەكەین و پێیان ئەڵێین هەرچۆنتان كردوە با گۆشە گیری سەر كوڕەكەمان تەواو بیت و هاتوو چۆ لە نیوانمان بیت ، بە داخەوە زۆریش بە داخەوە هەر ڕۆژەو بە چەند ڕستەیەكی سواو بەڕێمان ئەكەن كە بە هیچ جۆریك ڕاست نیە و درۆیەكی شاخدارە ، ئەمە لە كاتیكدا بە هۆی ئەو سەركەوتنە سەربازیانەی كە بە دەستتان هیناوە زۆریك لە ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و ئەكادیمیستەكان كەوتونەتە ژیر كاریگەریتان و باوەڕ بەم چیرۆكە ڕاستانە ناكەن كە لە واقعدا سەدەها خیزانی ئەم هەریما بونی هەیەو ڕاستی ڕاستە .
برادەران : ـ
ئیوە خۆتان بە پیشڕەوی پاراستنی مافی ژنان ئەزانن ، لە خۆتان ئەپرسم ئەو ژنانەی ژنیان بە سەر هاتوە میحنەت بار ترن یان ئەو دایك خوشكانەی كە ئیوە ناهێڵن كوڕەكانیان و براكانیان ببینن ؟
ئیوە باسی كۆمەڵگای ئازاد و تاكی ئازاد ئەكەن لیتان ئەپرسم ماڵباتی هەڤاڵەكانی ئیوە زیاتر ئازادن یا ماڵباتی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبانەی كە بەڕیزتان بە دواكەوتویان ئەزانن ؟
ئیوە خەڵك وا تێئەگەیەنن هەر هەڤاڵیك ئازادە كەی پەیوەندی ئەكا بە ماڵەوە …… ئازادە كەی دەگەڕیتەوە نیوو خیزانەكەی ، ئەمە دوو جار زوڵمە جاریك لە بەر ئەوەی زوڵم لەو كوڕە ڕەش و ڕوتانە ئەكەن كە گۆشەگیرتان كردون ، جارێكی تریش لە خیزانەكەیان كە یا دەبیت بۆ هەتا هەتایە ڕۆڵەكانمان نەبینین ، یا دەبێ بە كوژراوی بیانبینین .
هەر بۆیە لە ڕیگای ئەم پەیامەوە تكام وایە لێمان تێبگەن و سنوریك بۆ ئەم ڕەفتارانەتان دابنین و لەمە زیاتر داخ مەكەن بە دڵماناو شیرازەی دەیەها خیزان مەشێوێنن .
كێ توانای ئەوەی هەیە تا ئەبەد ڕۆڵەی نەبینێت و بەرگە بگریت ؟ ئەم مۆدیلە لە كام خاك و وڵات و ئایدیادا پەیڕەو ئەكریت بیجگە لە ئیوە ؟
چۆن و بە چ ویژدانیك ئارام ئەگرن لە بەرانبەر ئەو هەموو ئازارە كە چارەسەرەكەی لای ئیوەیە ؟