مالیكی و عەبادی و راكان سەعید لە پەرلەمانی عێراق دەردەكرێن

دوای ئەوەی دوێنی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی كردەوە، كە 8 كاندیدی سەركەوتووی پەرلەمان، تائێستا سوێندی یاساییان نەخواردووە, ئەمڕۆ كۆمەڵێك پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان كۆ كردووەتەوە بۆ ئەوەی داوا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بكرێت، ئەو 8 كاندیدە سەركەوتووەی پەرلەمانی عێراق كە تائێستا ئامادە نەبوون سوێندی یاسایی بخۆن، بەكاندیدی دیكە بگۆڕدرێن.

ژمارەیەك پەرلەمانتار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایان گەیاند: “بەهۆی ئەوەی تائێستا 8 كاندیدی سەركەوتووی پەرلەمان ئامادە نەبوون لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی بخۆن و فەسڵی تەشریعی یەكەمیش لە كۆتایی نزیك بووەتەوە، داوا دەكەین ئەو كاندیدانە بەكاندیدی دیكە بگۆڕدرێن”.

ڕوون كراوەتەوە، كە بەپێی مادەی 11 و 12ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران، كە ڕێگە دەدات بە وەرگرتنەوەی مافی ئەندامێتی لە پەرلەمانتار، 97 واژۆ لە پەرلەماندا كۆ كراوەتەوە بۆ ئەوەی داواكە ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكەن.

ناوی هەشت كاندیدەكە:

ئەسعەد عەبدولئەمیر عێدانی (پارێزگاری ئێستای بەسڕە).

حسێن جاسم ناسر

حەیدەر عەبادی (سەرۆكی پێشووی حكوومەت)

راكان سەعید جبووری (پارێزگاری نایاسایی ئێستای كەركووك)

عەبدولحوسێن عەبتان (وەزیری پێشووی وەرزش و لاوانی عێراق)

عەتوان سەید حەسەن

قاسم محەممەد ئەعرەجی (وەزیری پێشووی ناوخۆ)

نووری كامل مالیكی (جێگری پێشووی سەرۆك كۆمار)

Back to top button