سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان بەست

 

دوای ئەوەی وەزیری درەوەی ئەڵمانیا ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد, نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هایكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی نێوانییاندا باس لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێ كرا و دۆخی ئاوارەكانیان تاووتوێ كرد، هاوكات داكۆكیمان لە پێكەوەژیانی پێكهاتەكان و جێگیركردنی زیاتری ئەو كولتوورە كرد.

سوپاسی خۆیشی بۆ ئەڵمانیا دەربڕی، كە چارەسەری دەروونی بۆ ژنانی ئێزدی خستە ئەستۆی خۆی و دەرگای بۆ پەنابەرانی ئێزدی كردەوە و هاوكاری كردوون.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 18ی كانوونی یەكەم/ دیسەمبەری 2018، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لە شاری هەولێر، لە وەڵامی رۆژنامەواناندا رایگەیاند، ژمارەی ئاوارەكانی ناوخۆ و سووریا پێشتر ملیۆنێك و 800 هەزاربوون ئێستاش ملیۆنێك و 400 هەزارن، یەكێكیش لە مەرجەكان بۆ گەڕانەوەیان ئەمنییەتە و ئێستاش نە سەقامگیریان هەیە، نە خزمەتگوزاری پێویستیش گەیەنراوەتە ناوچەكانییان.

لای خۆیەوە هیكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان كەنارێكی ئارام بووە بۆ ئاوارەكانی سووریا و ناوخۆی عێراقیش.

دووپاتی لەوەش كردەوە، حكوومەتی وڵاتەكەی لە پشتیوانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوان پاڵپشتی و هاوكاری ئاوارەكان دەكەن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەكانییان.

ئەڵمانیا، یەكێكە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا و لە میانی شەڕی داعشیشدا بەردەوام هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە، وەكو مەشق و راهێنانی سەربازی و پێدانی چەكی میلان بە هەرێمی كوردستان.

Back to top button