عادل عەبدولمەهدی: پێنجشەممەی داهاتوو پێكهێنانی كابینەكەمان كۆتایی دێت
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پرێس كۆنفرانسی هەفتانەیدا كە لە بەغدا بەڕێوەچوو، رایگەیاند”ئەنجومەنی وەزیران سوورە لەسەر چارەسەركردنی كێشەی فەرمانبەرانی گرێبەست و گێڕانەوەی مافەكانیان، بەجۆرێك كە رەشنووسی نوێی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست، پلەبەندی و شایستە داراییەكانی ئەو فەرمانبەرانە و خانەنشین بوونیانی زامنكردووە”.
عادل عەبدولمەهدی داواشیكرد پەلەبكرێت لە ئەنجامدانی چاكسازیی راستەقینە بەمەبەستی رزگاركردنی عیراق لە بارگرژییەكانی بەرزونزمیی نرخی نەوت.
ئاشكراشیكرد، حكومەت بڕیاری داوە پاسپۆرتی دیپلۆماسی ببەخشێت بە نادیە موراد كچە ئێزدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و هاوسەرەكەی، لەپای بینینی رۆڵی مرۆیی لە جیهاندا.
سەبارەت بە هەوڵەكانی تەواوكردنی كابینە وەزارییەكەشی، عادل عەبدولمەهدی وتی “لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی پەرلەماندا، پرسی ئەو وەزیرانەی ماونەتەوە، یەكلاییدەكرێتەوە و متمانەیان پێدەبەخشرێت”. جەختیشیكردەوە ئەگەر لایەنەكان رێگەی پێبدەن، ئەوا ناوی كاندیدانی وەزارتەكان دەگۆڕێت و كەسانی دیكە بۆ ئەو پۆستانە كاندید دەكات.
هەروەها سەرۆك وەزیران پێداگری كرد لەوەی حكومەتی ئێستای عیراق، كەمتر حزبییە بەراورد بە كابینەكانی پێشوتر.