ئەشواق جاف: زانیاری نوێ لە بارەی تەواوكردنی حكومەتی داهاتووی عێراق ئاشكرادەكات
لەگەڵ ئەوە تا ئێستا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق نەیتوانوە كابینەكەی تەواو بكات, پێشتر لە میداكان زیاتر كێشەی ناوخۆی تائیفی و سیاسی وەك بەر بەستی بەردەم پێكهێنانی حكومەت باس دەكران, پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق, ئاشكرای دەكات كە هۆكاری دوواكەوتنی پەیوەندی بە مڵملانێی نێوان ئەمریكا و ئێرانە.
ئەشواق جاف ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە، “هەڵبژاردنی عادل عەبدولمەهدی بەسەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ رزگاركردنی عیراق بوو لەشەڕی ناوخۆ، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پەرەسەندی ململانێی دوو بەرە كە یەكێكیان سەر بە ئەمریكایەو ئەوەی دیكەشیان سەر بە ئێرانە، وایكردووە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق دوابكەوێت و بەئاسانی یەكلایی نەكرێتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق گوتیشی: “ململانێی توندی ئەو دوو بەرەیە لەسەر پۆستی وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگرییەو ئەگەر زۆر درێژە بخایەنێت، بەدور نازانرێت عادل عەبدولمەهدی دەست لەكار بكێشێتەوە و ئەو پرسە بخاتەوە بازنەیەكی داخراو”.
ئەشواق جاف ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەشكرد، “گەندەڵی وەكو شێرپەنجە لەدامودەزگاكانی عیراقی بڵاوبووەتەوەو كەڵەكەبووی كێشەی دەیان ساڵی پێشووە، بۆیە ئەگەر هێزو لایەنە سیاسییەكان، پەرلەمان و دادگاكان پشتیوانی لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی نەكەن، پێناچێت بتوانێت هیچ جۆرە چاكسازییەك بكات لە داهاتوودا و سەركەوتنیش بەدەست بهێنێت”.