بۆچى پێویسته‌ دووباره‌ توێكڵى لیمۆ به‌كاربهێنینه‌وه‌

ئاوى لیمۆ به‌كارهێنه‌رێكى زۆرى هه‌یه‌ و سوودێكى زۆرى هه‌یه‌ بۆ ته‌ندروستى له‌ش، به‌هه‌مانشێوه‌ توێكڵى لیمۆ چه‌ندان سوودى گرنگى هه‌یه‌ زۆر كات دوایى به‌كارهێنانى لیمۆكه‌ توێكڵه‌كه‌ى فرێ ده‌درێت. به‌ڵام ئه‌م توێكڵه‌ ده‌توانرێت بۆ چه‌ندان مه‌به‌ست و سوودى جیاواز به‌كاربهێنرێت.

لێره‌دا باس له‌ سوود و گرنگییه‌كانى توێكڵى لیمۆ ده‌كه‌ین.

یه‌كه‌م: بۆ سرینه‌وه‌ى بانیۆ و ده‌ستشۆر، هه‌موومان ده‌زانین كه‌ باشتر وایه‌ بانیۆ و ده‌ستشۆره‌كان به‌ سۆده‌ پاكبكردێته‌وه‌ دوایى به‌كارهێنانى سۆده‌كه‌ به‌ توێكڵى لیمۆ بسردرێت به‌مشێوه‌یه‌ بریقه‌یه‌كى زیاتر ده‌دات و باشتر پاك ده‌بێته‌وه‌.

دووه‌م: ته‌ندروستى ئێسك باشتر ده‌كات، توێكله‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌ كالیسیۆم و ڤیتامین سى.پێكهاته‌ى خۆراكى كه‌ زۆر گرنگن بۆ ته‌ندروستى ئێسك و رێگه‌ له‌ نه‌خۆشى ده‌گرن به‌تایبه‌تى هه‌وكردنى جوومگه‌ و كه‌مپته‌وى ئێسك و رۆماتیزم.

سێیه‌م: تام زیاد ده‌كات، به‌كارهێنانى توێكڵى لیمۆ له‌ شیرینى و خواردندا تامێكى زیاترى پێده‌به‌خشێت ده‌توانیت توێكڵى لیمۆكان لێبكه‌یته‌وه‌ و پاشان وشكى بكه‌وه‌ له‌ رێگه‌ى تیشكى خۆره‌وه‌ بۆ چه‌ند رۆژێك دایبنێ و دواتر بیهاره‌ وه‌ك به‌هارات به‌كاریبهێنه‌.

چواره‌م: پێست رووناك ده‌كات، ئه‌م میوه‌یه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى باشى ترشى ستریكه‌ كه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ سپیكردنه‌وه‌ى  پێست و پێست رووناك ده‌كاته‌وه‌ ده‌توانرێت بۆ ده‌سته‌كان و پێیه‌كان و قۆڵ به‌كاربهێنرێت و یارمه‌تى بچووكبوونه‌وه‌ى كونیله‌كانى پێست ده‌دات.

پێنجه‌م: نینۆكه‌كان سپیده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌هۆى زۆرى به‌كارهێنانى بۆیه‌ى نینۆكه‌وه‌ هه‌ست به‌ زه‌ردبوونه‌وه‌ى نینۆكه‌كانت ده‌كه‌یت ئه‌وه‌ ده‌توانیت توێكڵى لیمۆ به‌كاربهێنیت بۆ سپیكردنه‌وه‌ى نینۆكه‌كان ته‌نیا به‌ساده‌ى له‌سه‌ر نینۆكه‌كانتى بخشێنه‌ و دوایى چه‌ند جارێك به‌كارهێنان هه‌ست به‌ گۆرانكاریه‌كى گه‌وره‌ ده‌كه‌یت له‌ نینۆكه‌كانتدا.

 

Back to top button