سکرتێری یەکێتی کەمئەندامان: گەشبینین بەوەی مەسرور بارزانی خەمەکانمان کەم بکاتەوە

سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان گەشبینیی خۆی لەوە دەربڕی کە مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستاندا، کێشەکانیان چارەسەر بکات و خەمەکانیان کەم بکاتەوە.
سامان حوسێن، سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان ڕایدهگەینێ: “ماوەی چوار ساڵە کەمئەندامان بەھۆی قەیرانی داراییەوە ڕووبەڕووی ژیانێکی ناخۆش و پڕ لە ناسۆر بوونەتەوە، بەداخەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ئاوڕی جدی لە ژیانی کەمئەندامان نەداوەتەوە، لەکاتێکدا کەمئەندامان شایستەی ئەوەن کە ئاوڕ لە ژیانیان بدرێتەوە و مووچەیەکی شایستەیان بۆ تەرخان بکرێت“.
حوسێن زیاتر ڕوونیشی کردەوە کە خەڵکێکی زۆر ئومێدی بەوە ھەیە، مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کارێکی باشیان بۆ بکات. گوتیشی: ”بێگومان مەسرور بارزانی ئاگاداری دۆخی نالەباری کەمئەندامانە و دەزانێ ئەو توێژە ژیانێکی ناخۆشیان ھەیە، بۆیە ئێمە تەمەنای ئەوە دەکەین، مەسرور بارزانی کەیسی کەمئەندامان بایەخ پێ بدات و ئیشی باش بۆ ئەو چینەی کۆمەڵگە بکات“.
هاوکات دووپاتی کردەوە: ”گەشبینم بەوەی کە مەسرور بارزانی، دەتوانێ ئیشی باش بۆ خەڵکی کوردستان بکات، بۆیە هیوا دەخوازم مەسرور بارزانی مامەڵەیەکی نیشتمانییانە و مرۆڤدۆستانە لەگە کەمئەنداماندا بکات، بەجۆرێک مامەڵەیەکی وەھا بێت کە خوای گەورە پێی خۆش بێت، ھەروەھا ھەوڵەکانی خۆی چڕبکاتەوە بۆ ئەوەی وەکوو سەرۆکێکی دڵسۆزی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داواکاریی کەمئەندامان جێبەجێ بکات“.