ئەمریكا لە سوریا دەكشێتەوە مەترسی گەورە لەسەر ناوچەكە درووستدەبێت
لەگەڵ ئەوەی دۆخی سوریا بە ئالۆزی ماوەتەوە, ئەو وڵاتە حگە لەوەی بووەتە ناوچەی بەر یەككەوتنی گرووپە چەكدارەكان, ئەوا بووەتە گۆڕەپانی بەر یەككەوتنی وڵاتانی زلهێزی دونیا, بە تایبەت ئەمریكا و ئێران و رووسیا و توركیا, لە هەوالێكی چاوەڕوانەكراودا رۆژنامەیەكی ئەمریكی بڵاوی دەكاتەوە كە ئەمریكا لە سوریا دەكێشێتەوە.
ڕۆژنامەی “ۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریكی، بڵاوی كردەوە، كە واشنتۆن ئامادەكاری دەكات بۆ كشانەوەی تەواوی هێزەكانی خۆی لە سووریا، هاوكات ڕۆیتەرز هەواڵەكەی دووپات كردووەتەوە.
لە وتارێكدا، ڕۆژنامە ئەمریكییەكە نووسیویەتی: “سوپای ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی لە باكووری خۆرهەڵاتی سووریا، بكشێتەوە”.
ئاماژە بەوەش دراوە، كە: “بەرپرسانی ئەمریكا هاوپەیمانەكانیان لە باكووری خۆرهەڵاتی سووریا لە پلانەكەیان ئاگادار كردووەتەوە بە كشانەوەی تەواوی هێزەكانیان لەو ناوچەیە، كە هەڵمەتی دژ بە داعش لە كۆتایی نزیك بووەتەوە”.
لای خۆیەوە، ئاژانسی هەواڵەكانی “ڕۆیتەرز” لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریكا بڵاوی كردەوە، واشنتۆن تاوتوێی كشانەوەی تەواوی هێزەكانی لە سووریا، دەكات.
پێشتر سەرچاوەیەكی كوردی لە سووریا ئاشكرای كرد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ڕەزامەندی و ڕێككەوتن لەگەڵ توركیا و وڵاتانی هەرێمی، هێزێكی عەرەبی و هێزێكی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی فورات كە دەكاتە خاكی ڕۆژئاوای كوردستان، جێگیر دەكات.
ئەو سەرچاوەیە كە لەبەر هۆكارگەلێكی پەیوەندیدار بە سەلامەتیی كەسی، نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت،ڕاگەیاند، ئەمریكا و توركیا و وڵاتانی دیكەی هەرێمی، بەنیازن (هێزی بژارە – قوات النخبە)ی سەر بە (رەوتی ئەلغەدی سووریا) كە ئەحمەد جەربا سەرۆكایەتی دەكات و لە (عەرەب، كورد و توركمان) پێكهاتووە، بۆ ناوچەكانی (منبج، گرێ سپی و سەرێ كانی) لەسەر سنووری نێوان سووریا و توركیا بگوازێتەوە. هەروەها هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاواش لە ناوچە كوردییەكان لە جێگەی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بۆ چەند ناوچەیەكی دیكە بگوازێتەوە.