شەش ملیار دینار بەسەر مامۆستایانی هەرێمی كوردستان دابەشدەكرێت
دوای تێپەڕینی چوارمانگ بەسەر تێپەڕینی تاقیكردنەوەكانی خوڵی یەكەم و دووەمی قوتابخانەكان, تا ئێستا شایستەی دارای چاودێری كردنی پرۆسەی تاقیكردنەوەكان خەرجنەكراوە, ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردەی كردووە، ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجكردنی پارەی مامۆستایانی چاودێری تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم و دووەمی ساڵی خوێندنی 2017- 2018 ی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەی سلێمانی و هەولێر و دهۆك كە بڕەكەی زیاتر لە شەش ملیار دینارە.
بە پێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارای و ئابووری كە دەستی خواكوڕك كەوتووە, هاتووە:”پاڵپشت بەنووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانژمارە 6272 لە 27/11/2018، ڕازین بە خەرجكردنی بڕی 6 ملیار و 378 ملیۆن و 893 هەزار دینار تایبەت بە خەرجكردنی شایستەی دارایی مامۆستا و فەرمانبەران لە پرۆسەی تاقیكردنەوەكانی هەردوو خولی یەكەم و دووەم كە وەك چاودێر و سەرپەرشتیار و فەرمانبەرانی كۆنترۆڵ لە سەرتاسەری هەرێم بەشداری پرۆسەكەیان كردووە بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018 ی گشت پەروەردەكانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەی هەولێر و دهۆك و سلێمانی”.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە “بڕی پارەكە بۆ خولی یەكەمی تاقیكردنەوەكان 3 ملیار و 898 ملیۆن و 203 هەزار دینار و خولی دووەمیش 3 ملیار و 480 ملیۆن و 690 هەزار دینارە”
شایەنی باسە, پارەكە لەسەر بودجەی پەروەردەكان خەرج دەكرێت.