فەرماندەكانی پەكەكە و هەسەدە بە بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان توشی شۆك بوونە
دوای ئەوەی ئاژانسی هەواڵی جیهانی ریتەرز بڵاوی كردەوە ئەمریكا ئامادەكاری كشانەوە لە رۆژئاوای كوردستان دەكات, كەمێك لەمەو بەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ولایەت یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند كە هێزەكانیان لە سوریاو رۆژئاوای كوردستان دەكشێننەوە, روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەمەریكا فەرماندە باڵاكانی هەسەدەیان لە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانیان ئاگادار كردووەتەوە.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ, دوای تویتەكەی ترەمپ لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، بڕیاری كشانەوەی ئەمەریكا بووەتە شۆك بۆ فەرماندەیی هێزەكانی هەسەدە.
هەروەها رایگەیاندووە، ئەو بڕیارەی ئەمەریكا زۆر جیاواز و ناكۆكە لەگەڵ بڕیاری ناردنی كۆمەكی سەربازی كە لە 48 كاتژمێری رابردوودا گەیاندبوویە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
بە گوێرەی روانگەی سووریا، بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، وەشاندنی خەنجەرە لە پشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە، هێزەكانی توركیا لە سەر سنوور و لە سنووری هەردوو رووباری دیجلە و فورات و نزیكی منبج كۆبوونەتەوە و بە نیازی هێرشكردنن بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
باسی لەوەشكردووە، گرووپ و میلیشیا ئیسلامییەكانی سەر بە توركیا ئامادەكاری دەكەن بۆ بەشداریكردن لەو هێرشە توركیا دەیكاتە سەر ناوچەكانی هەسەدە.
لەو چوارچێوەیەدا، سیناتۆری ئەمەریكی، لینزی گراهام رایگەیاند، كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا كورد دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو سیناتۆرە گوتیشی: داعش لە سووریا لە ناو نەچووە.
كشانەوەی كتوپڕی سوپای ئەمەریكا لە سووریا لە كاتێكدایە، پرسی نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا لەو وڵاتە هاتووەتە بەرباس.
هاوكات لە دیمەشق، وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سووریا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، رازی نابین هیچ كیانێكی كوردیی لە سووریا دابمەزرێت.
هەر لەو میانەیەدا، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرزی راگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێردا سەرجەم فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە سووریا دەكشێنەوە و سووریا بەجێدەهێڵن.
كەمێك پێش ئێستاش گوتەبێژی كۆشكی سپی ئەمەریكا، سارە ساندرز، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەستیان بە كشانەوە لە سووریا كردووە.
ساندرز گوتی: دەستمان كردووە بە گەڕاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ نیشتمان و قۆناغێكی نوێ لە هەڵمەتی دژی داعش هاتووەتە ئاراوە.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، تەنیا هۆكاری مانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا داعشە.
ترەمپ لە تویتێكدا نووسیویەتی: “هۆكاری سەرەكی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا شكستپێهێنانی داعشە و ئەو ئامانجەش بەدیهاتووه”.
ترەمپ ئەوەشی نووسیوە: “لە سووریا ئێمه شكستمان بە داعش هێناوە، هەر بۆ ئەوەش بوو هێزەكانمان لە سووریا مابوونەوه”.
ئەم تویتەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكاوە بڵاویكردەوە، پرسی كشانەوەی یەكجاری سوپای ئەمەریكا لە سووریا هاتووەتە ئاراوە.
ئەو بەرپرسانە باسیان لەوە كردووە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایهاتنی هەڵمەتی سەربازی ئەمەریكا دژی داعش، ئەمەریكا سەرجەم هێزەكانی لە سووریا دەكێشێتەوە.
پێشتر وەزیری بەرگری ئەمەریكا، جیم ماتیس و گەورە بەرپرسانی ئەمەریكا باسیان لەوە دەكرد، بۆ ماوەیەكی درێژ لە سووریا دەمێننەوە.
كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا لە كاتێكدایە، توركیا ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر باكووری سووریا و رۆژهەڵاتی فورات دەكات كۆتایهێنان بە دەسەڵاتی هێزە كوردییەكان.
سوپای ئەمەریكا لە سووریا لەو ناوچانە بڵاوبوونەتەوە كە لە ژێر دەسەڵاتی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دان.
ئەمەریكا لە ماوەی رابردوودا پشتیوانی و كۆمەكی سەربازی پێشكەش بە هەسەدە و یەپەگە كردووە لە بەرامبەر شەڕكردنیان دژی رێكخراوی داعش.