ئیسرائیل: چاودێری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریاو رۆژئاوای كوردستان دەكەین

 

دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری كشاندنەوەی سەرجەم فەرمانبەرو هێزەكانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لە سوریاو رۆژئاوای كوردستان دەركرد, لە كاردانەوەی بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە سووریا، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەكەی چاودێری ئەنجامەكانی كشانەوەكە دەكات و سنوورەكانی خۆیشی دەپارێزێت.

لە راگەیێندراوێكدا بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا خستەڕوو.

نەتەنیاهۆ دەڵێت “ئەم بڕیاری ئەمریكایە. ئێمەش چاودێری نەخشە و پلان و ئەنجامەكانی كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خۆمان دەكەین. لە هەموو حاڵەتەكاندا ئێمە دڵنیایی دەدەین كە ئاسایشی ئیسرائیل پارێزراو دەبێت و ئێمە بەرگری لە خۆمان لە ناوچەكەدا دەژین”.

ئەمڕۆ كۆشكی سپی ئاشكرایكرد، ئەمریكا هێزەكانی لە سووریا دەكشێنێتەوە، چونكە داعش بەتەواوی تێكشكاوە. راشیگەیاند، دەست بە كشاندنەوەی هێزەكان كراوە.

ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا نزیكەی دوو هەزار سەرباز و راوێژكاری هەیە، كە پشتیوانی یەپەگە دەكەن لە شەڕی دژی داعش.

هاوئاهەنگی ئەمریكا لەگەڵ یەپەگە و پشتیوانییە سەربازییەكانی بۆ شەڕڤانان لە شەڕی دژی داعش، توركیای نیگەرانكردبوو. هەر لە سەرەتای شەڕی داعشەوە ئەنقەرە داوای لە واشنتن دەكرد پشتیوانییەكانی بۆ یەپەگە رابگرێت.

بەرپرسێكی ئەمریكی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، واشنتن لەسەر بنەمای ئەو بڕیارانە مامەڵە دەكات كە لە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەردۆغان دراون لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا.

Back to top button