ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی: یەکێتی دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، ئەگەر یەکێتی بروای بە پرۆسەی دیموکراسی هەیە، دەتوانێت بەشداری لە حکوومەتدا نەکات و ببێتە ئۆپۆزسیۆن.

عارف ڕوشدی، ڕاویژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە بەشی کوردی (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، ھێشتا کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکوومەت کۆتاییان نەھاتووە و یەکلاییکەرەوە نین، بەڵام پارتی ئێستا بەرچاوڕوونییەکی ھەیە لەداخوازیی ئەو لایەنانە، پارتی و یەکێتی و گۆڕان ”دەبێت“ وەڵامی یەکتر بدەنەوە لەسەر ئەو بابەتانەی لەم کۆبوونەوانەدا خراونەتە ڕوو.

ئاماژەشی بەوە کرد کە بۆ پارتی گرنگە کە لەگەڵ لایەنەکان لەسەر بەرنامەی حکوومەت ڕێک بکەون، دواتر باس لە پۆستەکان بکەن، چونکە بەرنامەی کاری حکوومەت گرنگە و خەڵکی دەنگیان داوە تا حکوومەتێکی خزمەتگوزار هەبێت.

ڕوشدی ئاشکرای کردووە، وەکوو پارتی چەند پرەنسیپێکیان هەیە کە یەکەمجار لەسەر بەرنامەی حکوومەت ڕێک بکەون و دواتر ”هەموو لایەنەکان بە ھاوسەنگی بەشداری لە حکوومەتدا بکەن”.

باسیشی لەوە کردووە کە مەبەستیان لە هاوسەنگی ئەوەیە، هەر حزبێک بەپێی ئەو ڕێژەی دەنگەی هێناویەتی، داوای پشک لە حکوومەتی داهاتوودا بکات و ”تەنانەت بۆ یەکێتی و هەموو لایەنەکان ئەوە پێوەرێکی گشتییە، بەڵام هەمیشە پارتی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو دەگرێت“.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا راوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: ”ئەگەر ئێمە بڕوامان بەدیموکراسی ھەیە، دەبێ ھەرکەس ڕازی بێت بەو بەشەی کە پێی بڕاوە، ناکرێت باسی دیموکراسی بکەین و دوایی بێین بڵێین دەبێت بەقەد ئەو بەشەی ھێناومانە، دوو بەرامبەرم پێبدرێت”.

لە بەرامبەر هەڕەشەکانی یەکێتی بۆ دوو ئیدارەیی یان پێدانی بەشێکی زۆرتری پۆستەکان لە حەقەبەشی خۆیان، عارف ڕوشدی ڕایگەیاندووە کە یەکێتی ”ئەگەر بڕوای بە دیموکراسی هەیە، دەتوانێ ببێتە ئۆپۆزسیۆن“.

 

Back to top button