ترەمپ: پارەمان پێنەدەن ئامادەنین ببینە پاسەوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دوای ئەوەی دوێنێ ئەمریكا بڕیاریدا سەرجەم سەرباز و فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی لە سوریاو رۆژئاوای كوردستان بكشێنێتەوە, ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا رایگەیاند، ئەوان ئامادەنین تریلیۆنەها دۆلار خەرج بكەن بۆ پاسەوانیكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەبەرامبەردا هیچ وەرنەگرن.
لە زنجیرە تویتێكدا ترەمپ دەڵێت: “ئایە ئەمەریكا دەیەوێت ببێتە پاسەوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تریلیۆنەها دۆلار خەرج بكات و هەزاران قوربانی بدات، هیچیشی دەستنەكەوێت؟ لە كاتێكدا لە زۆربەی حاڵەتەكان هیچ پێزانینێك نییە بۆ ئەوەی ئێمە دەیكەین. كاتی ئەوەیە ئەوانی دیكە بجەنگەن”.
لەبارەی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا، ترەمپ نووسیویەتی: “رووسیا، ئێران، سووریا و زۆری دیكەش دڵخۆش نین بەوەی ئەمەریكا سووریا جێبهێڵێت چونكە دەبێت ئێستا خۆیان جەنگی داعش و ئەوانە بكەن كە رقیان لێیانە”.
دوێنێ چوار شەممە 20/12/2018، گوتەبێژی كۆشكی سپی ئەمەریكا، سارە ساندێرز، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەستیان بە كشانەوە لە سووریا كردووە.
ساندێرز گوتی: ” دەستمان كردووە بە گەڕاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ نیشتیمان و قۆناغێكی نوێ لە هەڵمەتی دژی داعش هاتووەتە ئاراوه”.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا زیان بە هێزە كوردییەكان دەگەیەنێت بەوەی لە ئێستادا مەترسی ئەوەیان لەسەرە لەلایەن داعش و هێزەكانی نزیك لە توركیا هێرشبكرێتە سەریان.
پێشتر، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ئاشكرایكردبوو، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسەیكردووە و وەڵامی ئەرێنی وەرگرتووە تاكو هێرشبكاتە سەر ئەو ناوچانەی كە هێزەكانی هەسەدە كۆنتڕۆڵی كردوون.