سێ سیناتۆری ئەمریكا: بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا خیانەتە لە كورد

 

دوای ئەوەی دوێنێ‌ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند كە هێزەكانیان لە سوریای و رۆژئاوای كوردستان دەكشێننەوە, بڕیارەكەی ترەمپ نارەِزایەتی دەرەوەو ناوخۆی لێكەتەوە بە جۆرێك سێ سیناتۆری ئەمریكی دژی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە سوریا وەستانەوە و رایانگەیاند، كشانەوەی ئەمریكا لەم كاتەدا خیانەتە لە كورد.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاوبەشدا، لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لە واشنتن لیندزی گراھام سیناتۆری كۆمارییەكان و جاك رید و رۆبێرت مێنێندز لە پارتی دیموكراتەكان دژی بریارەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوەی ھێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا ھاتنە دەنگ.

لیندزی گراھام دەڵێت: “شەڕی داعش كۆتای نەھاتووە و ئەم بڕیارەی سەرۆك ترەمپ ھەمان ھەڵەی باراك ئۆبامایە كە ساڵی 2011 سوپای ئەمریكای لە عێراق كشاندەوە”.

گراھام راشیگەیاند, قسەم لەگەڵ وەزیری بەرگری و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و شارەزایانی سەربازی و فەرماندە سەربازییەكانی وڵاتەكەمان كردووە لە سوریا. ھیچیان لەگەڵ ئەوە نین لەم كاتەدا لە سوریا بكشێنەوە.

جاك رید سیناتۆری دیموكراتەكان, بەھەمان شێوە رەخنە لە بریارەكەی ترەمپ دەگرێت و دەڵێت: “برێت مەكگورك و جەیمس جێفری كەسی یەكەمی ئێمەن لە سوریا و عێراق و شارەزای بارودۆخی ناوچەكەن ھەردووكیان بەدەنگی بەرز دەڵێن: ھێشتا داعش لەناو نەچووە و ئەگەری سەرھەڵدانەویە زۆرە”.

جاك رید دەڵێت: “بڕیاری كشانەوەمان لە سووریا لەم كاتەدا خیانەتە لە كورد”.

لەم چوارچێوەشەدا، رۆبێرت مێنێندز, كە سیناتۆرێكی دیكەی دیموكراتەكانە، دان بەوەدا دەنێت كە كورد و پێشمەرگە باشترین ھاوپەیمانی ئەمریكا بوون و بەھاوكاری كورد نەبووایە موسڵ رزگار نەدەكرا.

دەشێڵێت: “بریارەكەی سەرۆك ترەمپ ئەمریكای لە ھەموو جیھان بێمتمانە كردووە چیتر كەس باوەڕمان پی ناكات”.

ھەرسێ سیناتۆری ئەمریكی كە لە ھەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتەكانن داوا لە ترەمپ دەكەن سوود لە ھەڵەكانی ساڵی 2011ی باراك ئۆباما وەرگرێت و لە سووریا نەكشێتەوە, چونكە ئەوەی لە عێراق روویدا ئەگەر ئەمریكا هێزەكانی نەكێشاباوە، رووینەدەدا.

ئێستاش سیناتۆرە ئەمەریكییەكان سەرقاڵی پرۆژە یاسایەكن بۆ ئەوەی ترەمپ ناچار بكەن بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە.

لیندزی گراھام، لە كۆتایی گۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا روو لەسەرۆكی ئەمریكا گوتی: “دەرفەتێك لە پێشە بۆ ئەوەی بڕیارەكەت بگۆڕی، دەنگی ھەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتەكانت لەگەڵە و سوود لەو دەرفەتە وەرگرە”.

سەرچاوە: AP

Back to top button