بۆ دەستگیركردنی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك پۆلیس چووە نێو بینای پارێزگا, راكان سەعید رایكرد

دوای ئەوەی دوێنێ‌ دادگایەكی عێراق لەسەرسكالای دەستەی دەستپاكی فەرمانی گرتنی بۆ پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك دەركرد بە تۆمەتی بەكارهێنانی مولكی گشتی لە بەرژەوەندی خۆی, ئەمڕۆ پۆلیسی دەستەی دەستپاكی چوونە سەر بارەگای پارێزگای كەركووك بە مەبەستی دەستگیركردنی راكان سەعید بەر لە گەیشتنی پۆلیس راكان سەعید رایكرد.
دەستەی دەسپاكی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕای گەیاند، فەرمانی گرتن بۆ ڕاكان جبووری دەركراوە و تۆمەتبارە بە گەندەڵی، هاوكات هێزێك لە پۆلیسی دەسپاكی چوونەتە سەر بینای پارێزگای كەركووك بۆ دەستگیركردنی پارێزگارە ناشەرعییەكە، بەڵام جبووری لەوێ نەبووە.
دەستەی دەسپاكی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/ 12/ 2018 ڕای گەیاند: “بەتۆمەتی چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی فەرمانی گرتن بۆ ڕاكان جبووری، پارێزگاری ناشەرعی كەركووك”.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، كە بەپشتبەستن بە مادەی 340 لە یاسای سزاكانی عێراقی، فەرمانی گرتن بۆ جبووری دەركراوە: “تۆمەتبارە بە چەندین دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی”.
هەروەها سەرچاوەیەكی ئەمنی ڕای گەیاند: “ئەمڕۆ هێزێكی پۆلیسی دەسپاكی چوونەتە سەر بینای پارێزگای كەركووك بۆ ئەوەی ڕاكان جبووری دەستگیر بكەن، بەڵام ناوبراو لەوێ نەبووە و بەرەو بەغدا هەڵاتووە”.

هەروەها گۆران عەبدوڵا، گوتەبێژی ئاسایشی كەركووك ڕاگەیاند، ڕاكان جبووری ئاگاداری ھاتنی لێژنەكە بووە، بۆیە ”پێش گەیشتی ئەوان، خۆی گەیاندووەتە بەغدا“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ڕاكان جبووری بیر لە دوو ڕێگە چارە دەكاتەوە، یەكەمیان چارەسەركردنی كێشەكەی بە بڕیارێكی سیاسی و داخستنی دۆسیەكەی لەلایەن لێژنەی نەزاهەوە. ڕێگەی دووەمیش ئەوەیە كە بچێتە پەرلەمانی عێراق و سوێندی یاسایی بخوات، تاوەكوو پارێزبەندیی یاسایی هەبێت.

ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، كەركووك و ناوچەیەكی فراوانی كوردستان كەوتە دەست هێز و میلیشیاكانی عێراق، پاشان سەركردە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە فەرمی ڕایانگەیاند كە گرووپێكی نێو حزبەكە و بەشێك لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی، ڕێككەوتنی ژێربەژێریان ئەنجام داوە و ناوچەكەیان ڕادەست كردووە، بۆیە بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر ناسران.

Back to top button