پۆتین: لە بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی لە سوریا تێناگەم
دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان و سوریادا, بڕیارەكە وەك رووداوێكی شۆك هێنەر لێكدرایەوە بە جۆرێك, سەرۆكی روسیا بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكای بۆ كشانەوە لە سوریا بە بڕیارێكی دروست هەژماركرد، لە هەمانكاتیشدا رایگەیاند كە لەو بڕیارەی ترەمپ تێناگات.
لە كۆنگرەی ساڵانەی رۆژنامەوانیی خۆیدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی كانونی یەكەمی 2018 لە مۆسكۆ-ی پایتەخت سازیكرد، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی روسیا رایگەیاند: هێشتا ئاماژەكانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا نابینم، بەڵام لەوانەشە ئەو كارە روبدات بەتایبەت لەكاتێكدا كە بەرەو چارەسەری سیاسی لە سوریا هەنگاو دەنێین.
پوتن راشیگەیاند كە گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لە سوریا، پێویستی بەوە نییە ئەمریكا لە ناوچەكەدا هەبێت، وتیشی: “لەم كشانەوەیەی ئەمریكا لە سوریا تێناگەم، چونكە 17 ساڵە ئەمریكا لە ئەفغانستان بوونی هەیە و هەموو ساڵێك دەڵێن دەكشێینەوە، بەڵام هێشتا ئەوان هەر لەوێن”.
پوتن راشیگەیاند كە هاوڕایە لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە بەدیهێنانی سەركەوتن بەسەر داعشدا و ئەوەی بەبیرهێنایەوە كە هێزەكانی روسیا گورزی كوشندەیان لەو رێكخراوە داوە، بەڵام هۆشداریشیدا لە مەترسیی دزەكردنی داعش لە سوریاوە بۆ وڵاتانی ناوچەكە.
ۆژی چوارشەممە 19ی كانونی یەكەمی 2018، سارە ساندرز، وتەبێژی كۆشكی سپی لە راگەیەندراوێكدا وتی: “دەستمان كرد بە كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان لە سوریا بۆ وڵات و دەچینە قۆناغێكی نوێی ئەو هەڵمەتەوە”، جەختیشی لەوە كردەوە كە “سەركەوتنەكان بەسەر داعشدا ئاماژە نین بۆ كۆتاییهاتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەڵمەتەكەی”.
لە كۆتایی ساڵی 2017 جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند كە تیمە دیپلۆماسییەكانی سوریا هاوكاریی دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری و ئیدارەكردنی ئەو بودجەیەی كە بۆ شەڕی داعش و مەشق و راهێنانی هێزە ناوخۆییەكان و پوچەڵكردنەوەی بۆمبە چێنراوەكان تەرخان كراوە.
لە مانگی ئابی 2014ەوە ئەمریكا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی لە سوریا و عیراق بە بەشداریی زیاترلە 40 دەوڵەت لە وڵاتانی ئەوروپا و عەرەب و وڵاتانی كەنداو پێكهێنا، ئەوەش دوای روداوەكانی داگیركردنی موسڵ لە عیراق.
بۆیەكەمجاریش ئەمریكا لە مانگی تشرینی یەكەمی 2015 نزیكەی 50 سەربازی خۆی رەوانەی خاكی سوریا كرد كە رۆڵیان تەنها راوێژكاری و رێنمایی كردن بوو بەبێ بەشداریكردن لە گۆڕەپانی جەنگدا، لەوكاتەوە تا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لەو وڵاتە 2 هەزار و 200 سەرباز.