هاوپەیمانان مۆڵگەكانی داعشیان لە چیای قەرەچووغ بۆردوومانكرد

دوای زیاد بوونی چالاكیەكانی داعش لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان و سنورەكانی چیای قەرەجوغ لەگەڵ چاودێری و ئۆپراسیۆنەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكە, فڕۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان بەبەردەوامی مۆڵگەكانی داعش لە چیای قەرەچووغ دەكەنە ئامانج, ئێوارەی ئەمڕۆ جارێكی تر هاوپەیمانان هێڕشیانكردە سەر داعش, بەرپرسی میحوەری گوێڕ- مەخمووری هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێت، بۆردوومانكردن و تۆپبارانكردنی پێگەكانی داعش لە چیای قەرەچووخ لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بەردەوامە.
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ- مەخمووری هێزی پێشمەرگەی كوردستان راگەیاند: “لە ماوەی 24 كاژێری رابردوودا تۆپخانە و فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش نزیكەی 45 جار پێگەكانی داعشیان لە چیای قەرەچووخ بۆردوومان و تۆپبارانكردوون”.
ماوەیەكە چەكدارانی داعش لە گەرمیان و چیای قەرەچووخ پەیدابوونەتەوە و دەیان هێرشیان لەو ماوەیەدا لەو ناوچەانەدا ئەنجامداوە. پێشمەرگەی كوردستان بە درێژایی زنجیرە چیای قەرەچووخ بوونیان هەیە ، بوونێك كە هەمیشە ئامادەییان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جموجۆڵ و زەبرێكی چەكدارە تووندئاژۆكان، ئەو ناوچانەی داعش تێیدا لە جووڵە نەكەوتووە، كەوتووەتە نێوان هێزی پێشمەرگە و هیزە عێراقییەكان و ناوچەی قەدەخەكراوی شەڕن.
لە ساڵی 2018 دا هاوپەیمانان بە هەماهەنگی هێزی پێشمەرگە نزیكەی 80 جار بنكە و حەشارگەكانی داعشیان لە قەرەچوخ بۆردوومانكردووە و دەیان چەكداری داعشیان كوشتووە.
چیای قەرەچووخ ، دەشتی قەراج و ناوچەی زاب لە باكووری حەویجە، ئەو ناوچانەن كە سنووری هەر چوار پارێزگای هەولێر ، نەینەوا، كەركووك و سەلاحەدین بەیەك دەبەستنەوە