بڕیاری ئەمریکا و ئایدیۆلۆجیای کوردان

 

سەرۆ قادر

بڕیاری زۆر ناکاو و چاوەڕواننەکراوی سەرۆک تڕامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، یەکسەر چارەنووسی کوردستانی ڕۆژاڤای خستە بەر مەترسی نەمان. جیا لەو دەرفەتە زێڕینەی دەیخاتە پێش تورکیا و ئێران و سوریا و عێڕاق بۆ پێچانەوەیەکی خوێناوی بزووتنەوەی کورد لە سوریا. هەندێک کاربەدەستی ناو پەیەدە پێشبینی کۆڕەوێکی وەک ساڵی 1991ی کوردستانی عێڕاقیان کرد. ئەوەش زۆر واقیعبینانەیە چونکە کورد بە هاوکاری نێودەوڵەتی دەتوانی لەبەرامبەر هێزە نەیارەکانی بە سەلامەت بمێنێ.
هەر دوای بڕیاری سەرۆک تڕامپ تەنگژە سەرتاپای بەڕێوەبەرایەتی کۆشکی سپی گرتەوە و وەزیری جەنگ جیم ماتیس دەستی لە کار کێشایەوە و وەزیری دەرەوە پۆمپیۆ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بۆڵتۆن بە ئاشکرا ناڕازی بوونی خۆیان نیشان داوە. کۆنگرێس بە خێرایی هاتە دەنگ و سەناتۆرەکانی دۆستی کورد وا خەریکن کاری پڕ بەرهەمی خۆیان دەکەن. ڕای گشتی ئەمریکا لەگەڵ بەردەوامی پشتیوانی کردنە لە کورد. ئەوە جیا لە هەڕەشەی داعش و بە هێز بوونی بەرەی دژی ئەمریکا کە ئەمریکاییەکان واقیعبینانە تێیدەگەن.
فەڕەنسا بە خێرایی کەوتە ڕاگرتنی باڵانسەکە و ناڕەزایەتی خۆی لە بڕیارەکەی سەرۆک تڕامپ ڕاگەیاند و هەر ئەمڕۆش سەرۆک ماکڕۆن هاوسەرۆکی فەرمانڕەوایی کوردستانی ڕۆژاڤا دەبینێ. وێدەچێ ڕای یەکێتی ئەورپا لە کاناڵی فڕانسەوە بێت. بەڕێز نەتانیاهۆ بە شێوەی تایبەتی خۆی ناڕەزایی لەسەر بڕیاری تڕامپ نیشاندا و ئامادەیی دەوڵەتی خۆی بۆ حزوری عەسکەرییانە لە سوریا ڕاگەیاند. دەنگۆی ئامادەیی سعودیە و ئیمارات هەیە بۆ ناردنی سوپای خۆیان بۆ ڕۆژاڤای کوردستان. سەرۆک بارزانی مەترسیەکانی سەر کوردستانی خستە بەردەم دنیا و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ بەشداری کردن لە چارەسەرییەک کە کوردستانی سوریا بپارێزێ و تورکیاش دڵنیا بکرێ کە هەڕەشەی لەسەر نیە.کەواتە دۆستەکانی کورد هاتونە مەیدان و وێناچێ ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا بەبێ دەسکاری جێ بەجێ بکرێ.
تورکیا لە خۆی ڕادەبینێ دەوری هێزی تێکشکێنەری کوردستان بگێڕێ لە هەر چوار پارچەدا. وەک ئۆردوغان لە کۆنیا ڕایگەیاند و وەزیری جەنگی تورکیاش گووتی کوردان لە ناو سەنگەرەکانیان لەگەڵ خوێن گۆڕ دەکەین. تورکیا ئامادەیە ئەو کارە بکات، وەک لە عەفرین ئیسپاتی کرد. بۆیە پێویستە دپلۆماسیەتی کوردستان ئەو هەڕەشانە بە جدی وەربگرێ و بەشدارییەکی سیاسییانەی هاوچەرخ و زانایانە لە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات کە ئێستا جەنگەکە لەسەر ورگی خۆیەتی. نابێ بۆ بڕوا ئایدیۆلۆجییەکانی پ ک ک(وتە پ ی د) ڕیسک بە چارەنووسی کوردستان بکرێ. ئەو تەجرەبەیەی پ ک ک لە باکوری کوردستان لە ساڵی 2015 لەگەڵ تورکیا کردی، تەنیا وێران کردنی کوردستان و لە دەستچوونی دەرفەتی بە هەرێمی کوردستان بوونی باکوور بوو. ئینجا ئۆردوغانیشی لەسەر ئەم باوەڕەی ئێستای ساغ کردەوە کە بوونی ئەو لە نەمانی کوردان دایە. تورکیا لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزدا ناچار کرابوو لەگەڵ کورد بکەوێتە ئاشتی، هەرچەند ئامادەیی تێدا بوو زوو لێی هەڵگەڕێتەوە. پ ک ک ئەو دەرفەتە جەهەننەمیەی بۆ ئۆردوغان ڕەخساند و کورد بە دەستی بەتاڵ و ماڵی خوێناوی بەرەو قەندیل ڕایکردەوە. ئەوەش جێی داخە و دەبێ ئێستا بۆ پاراستنی ڕۆژاڤا پ ی د(واتە پ ک ک) لێی فێر بێت.
ئەگەر پ ی د لەسەر تاکڕەوی خۆی بەردەوام بێ و ڕێگا بە کرانەوەیەکی سیاسی و عەسکەری لە ناوخۆی نەدات،ئەوە بەشدارییە بەرفراوانە مەتڵوبەکەی کورد و ئەمریکا و ئەورپا نایەتەدی و هەماهەنگی واقیعییانە لە نێوان ئاکتۆرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دروست نابێت و جیهان ئامادە نابێ تا هەتاێ بۆ میزاجی چەپی ستالینی لە هاوکاری کورداندا بێت. پ ی د دەبێ بزانێ ئەرکی سەکردایەتی کردنی بە هەرێم کردنی ڕۆژاڤای کوردستانی لەسەر شانە، بۆ ئەوەی بتوانێ سەربکەوێ دەبێ بەرچاوی خۆی بکاتەوە و گۆڕانێکی مەتڵوب لە فەرمانە ئایدیۆلۆجییەکانی پ ک ک دا بکات ئەگینا تەڕ و وشک پێکەوە لە نەزانی ئەوان و ئامادەیی دژە کوردیانەی سوپای تورکیادا دەسوتێ. پێویستە ئەم واقیعە بزاندرێ و کار بۆ ئەلتەرناتیڤێکی گونجاو بکرێ. یان دەبێ چاوەڕوانی ڕێککەوتنێکی تری واشنتۆن بین وەک ئەوەی لە ساڵی 1998 لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرا.
ئێستا هەرێمی کوردستان دەورێکی کاریگەری هەیە و قسەی سەرۆک بارزانی لە دونیا بە هەند وەردەگیرێ، بۆیە شانسی ڕێکخستنی ناوخۆی کوردرستانی سوریا زیاتر و ئاسانترە. هێزە کوردەکانی ڕۆژاڤا پێویستە عاقڵ بن چونکە ئەم دەرفەتانەی دەیانپارێزێ هەمیشەیی نین، بە ڕۆژان گۆڕانیان بەسەردا دێت وەک تڕامپ گووتی: جەنگ بەرەو کۆتاییە.
هیوادارم ئەمجارەش حیکمەتی سەکردایەتی سیاسەتی کوردان ببینین و بە سەلامەت لە هەڕەشەکان دەرچین.
.

Back to top button