ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان تره‌مپ و ئه‌ردۆگان ئاشكرا ده‌بێت

میدیاكانی ئه‌مریكا زانیاری نوێ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان ئه‌ردۆگان و تره‌مپ ئاشكرا ده‌كه‌ن، رایده‌گه‌ێنن”بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە سووریا پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هات لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغاندا. بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکان بەبێ راوێژکردن بووە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە میدیاكانی ئه‌مریكا بڵاویانكردۆته‌وه‌، بڕیارەکە بە تووندی لەلایەن هەموو ئەوانەی بەشدارن لە شەڕی دژ بە داعش رەتکراوەتەوە، ئه‌م زانیاریانه‌ له‌ به‌رپرسانی ئه‌مریكا و توركیا وه‌رگیراوه‌، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن کە ترەمپ بەو هەنگاوەی، کابینەکەی تووشی شۆککردووە و بڕیارەکەشی لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ ئەردۆغان داوە، ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌ زانیاریه‌كانیان ئاشكرا كردووه‌ ده‌لێـ” پەیوەندییەکە لەلایەن مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکخراوە، ئەويش رۆژێک پاش ئەوەی پۆمپیۆ لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەیکردووە و نەیتوانیوە هیچ روونکردنەوەیەک وەربگرێت لەبارەی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی “لەدژی هێزە کوردییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا”.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریی میدیایه‌كانی ئه‌مریكا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری و چەند ئەندامێکی تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لیستێکیان ئامادەکردبوو بۆ ترەمپ، کە چەند خاڵێکی لەخۆگرتبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەردۆغان باسیان بکات و لە هەڕەشەکانی پاشگەزی بکاتەوە، بەڵام ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەو خاڵانەی پشتگوێخستووە و لایەنگری ئەردۆغانی کردووە، یه‌كێكی تر له‌ به‌رپرسه‌كانی كه‌ زانیاریه‌كانی ئاشكرا كردووه‌  باسی له‌وه‌ كردووه‌”خاڵەکانی پەیوەندییەکە زۆر دیاریکراوبوون. بە ترەمپ گوترابوو بە روونی دژی دەستێوەردانی تورکیا بێت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و پێشنیازی ئەوە بکات کە ئەمریکا و تورکیا پێکەوە کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان. هەمووان بە ترەمپیان گوتبوو کە گوشار بکات و هەوڵبدات شتێک پێشکەش بە تورکیا بکات کە بردنەوەی بچووک بێت، وەکو کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەک لەسەر سنوور، شتێکی لەو شێوەیە”.

بەڵام ئەردۆغان زوو ترەمپی خستووەتەوە پێگەی بەرگریکردنەوە و بەبیریهێناوەتەوە کە بەردەوام گوتوویەتی، تاکە هۆکار بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بۆ بەزاندنی داعش بووە و ئێستاش گرووپەکە 99% بەزێندراوە، ئەردۆغان بە ترەمپی گوتووە “بۆچی ئێوە هێشتا لەوێن؟”. بەرپرسێکی دیکە گوتوویەتی، ئەردۆغان بە ترەمپی گوتووە، تورکیا دەتوانێت ئەو چەکدارانەی داعش تێکبشکێنێت کە ماون.

لەمیانی پەیوەندییەکەدا، کاتێک ئەردۆغان لەسەر هێڵ بووە، ترەمپ پرسیاری لە جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کردووە کە گوێبیستی پەیوەندییەکە بووە، بۆچی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ماونەتەوە ئەگەر ئەوەی سەرۆکی تورکیا دەیڵێت راستە؟ ئەو خاڵەی ئەردۆغان لەلایەن ماتیس و پۆمپیۆ و جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و برێت مەکگۆرک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی لێکراوە، بۆیە بۆڵتنیش ناچاربووە دان بەو خاڵەدا بنێت، بۆڵتن جەختی لەوەکردووەتەوە کە تەواوی تیمی ئاسایشی نیشتمانی هاوڕان لەسەر ئەوەی شەڕی بەسەر داعش دەبێت بەردەوام بێت و ئەوەش مانای زیاتر لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێردەستی دەگەیەنێت، بەڵام ترەمپ رازی نەبووە و بەخێرایی بەڵێنیداوە بە کشاندنەوە و بۆڵتن و ئەردۆغانی تووشی شۆککردووە.

ئەردۆغان هۆشداری بە ترەمپ داوە لە ئەگەری کشانەوەی خێرای سوپای ئەمریکا لە سووریا، چونکە تورکیا هێزی پێویستی لەسەر سنوور نییە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕبکاتەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە کۆتاییهاتووە و ترەمپ بۆ ئەردۆغان ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، کە ئەمریکا دەکشێتەوە، بەڵام هیچی دیاریکراوی رووننەکردووەتەوە لەبارەی چۆنییەتی کشانەوەکە.

رۆژانی پاش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، بۆڵتن، ماتیس و پۆمپیۆ لە کۆشکی سپی کۆبوونەتەوە و هەوڵیانداوە پلانێک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی کشانەوەکە هەڵبوەشێننەوە، دوایبخەین یان سنوورداری بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان بێسوود بووە، کۆشکی سپی ویستوویەتی رۆژی سێشەممە بڕیارەکە رابگەیەنێت، بەڵام پێنتاگۆن ترەمپی رازیکردووە بۆ ئەوەی دوایبخات، چونکە پلانەکانی کشانەوەکە ئامادە نەبوون و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و کۆنگرێس ئاگادارنەکراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو بەرپرسانە، لەپاش تورکیا یەکەم وڵات کە لە بڕیاری کشانەوەکە ئاگادارکراوەتەوە ئیسرائیل بووە.

Back to top button