سانتیاگۆ سۆلاری: ئیتر تیپی لاواز لە جیهاندا نەماوە

سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی خۆشحاڵی خۆی بە گەیشتنی یانەكەی بۆ یاریی كۆتایی جامی مۆندیالی یانەكان دەربڕی دوای بردنەوەیان لە یانەی كاشیما ئینتلەرزی ژاپۆنی.

پێنچ شه‌ممه‌ی ڕابڕدوو یانەی ریال مەدرید لە قۆناغی پێش كۆتایی جامی مۆندیالی یانەكان لە شاری ئەبوزەبی ئیماڕات رووبەڕووی یانەی كاشیما بووە و یارییەكەشی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لێ بردەوە.

بڕیارە ئه‌مڕۆكاتژمێر 7:30ی شەو یانەی ریال مەدرید لە یاریی كۆتایی جامی مۆندیالی یانەكان رووبەڕووی یانەی عەینی ئیماڕاتی ببێتەوە.

یانەی عەین پێشتر لە قۆناغی پێش كۆتایی پاڵەوانیەتییەكەدا بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە لە یانەی رێڤەر پلێتی ئەرجەنتینی بردبووەوە دوای ئەوەی لە كاتی ئاسایی و زیادكراودا بە 2 گۆڵ یەكسان ببوون.

لەبارەی یارییەكە راهێنەری یانەی ریال مەدرید رایگەیاند: عەین یانەیەكی بەهێز و مەترسیدارە، بێگومان ئەگەر یانەیەكی بەهێز نەبێت ناگاتە یاریی كۆتایی جامی مۆندیالی یانەكان، ئەو پێشتر لە پاڵەوانی نیوزلەندا و ئەفریقیا و رێڤەر پلێتیشی بردبووەوە.

زیاتر گوتی: لە راستیدا ئێستا لە جیهاندا تیپی لاواز نەماوە و ئاستی یانەكان لەسەرجەم پارزەوینەكاندا لەیەكترەوە نزیكە هەرچەندە یانەی زۆر بەهێزیش هەیە.

سەبارەت بە یاریی كۆتایی جامی مۆندیالی یانەكان، سۆلاری رایگەیاند: ماوەیەكی كورتمان لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەنجامدانی یارییە و پێویستە تواناكانمان بەدەستبێنینەوە بە تەواوی خۆمان ئامادە بكەن، بەدڵنیایشەوە بۆ سەركەوتن و بەدەستهێنانی سێیەم ناسناوی جامی مۆندیالی یانەكان هاتووینەتە ئیماڕات.

 

 

 

Back to top button