حەشدی شەعبی داوا لە هەسەدەو گرووپەكانی دیكەی سەر بە پەكەكە دەكات چەكەكانیان دانێن

 

دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی لە رۆژئاوای كوردستان و سوریادا لە یەكەم كاردانەوە حكومەتی سوریا داوای لە هەسەدەكرد كە چەكەكانیان رادەستی حكومەت بكەنەوە, هەروەها بەر پرسێكی نێو گرووپێكی سەر بە حەشدی شەعبیش داوا لە هەسەدەو گرووپەكانی دیكەی سەر بە پەكەكە دەكەن چەكەكانیان دانێن
ئەبو وارس موسەوی، گوتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبا، داوا لە ھێزەكانی سووریای دیموكراتی “هەسەدە” دەكات، چەكەكانیان رادەستی حكوومەتی سووریا بكەنەوەو خۆیان لە ئەمەریكا بێبەری بكەن”، كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا و فەڕەنساش لە سووریا بە سەركەوتن بۆ بەرەی بەرگری ناودەبات.

ئەمڕۆ شەممە 22/12/2018 موسەوی بە پێگەی ئەلیكترۆنی (بغداد الیوم)ـی گوتووە: “كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و فەڕەنسا لە سووریا سەركەوتنە بۆ بەرەی بەرگری و شكستی واشنتنە لە سووریا و پێویستە ئەو شكستە خوێندنەوەیەكی ورد و مەیدانی بۆ بكرێت”.

هەروەها گوتوویەتی: “كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بێبەرامبەر لە سووریا دەكشێتەوە، سەرەڕای ئەوەی میحوەری بەرگری مەترسییان بۆ سەر ئیسرائیل هەیە، پێویستە لە چارەنووسی ئەو هێزانە بپرسینەوه،‌ ئایا دەگەڕێنەوە بۆ واشنتن؟، یان بەسەر وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقیدا دابەش دەبن؟، یان لەناو خاكی عێراقدا بڵاوەیان پێدەكرێت؟”.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، (19ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەری 2018) لە بڕیارێكی كتوپڕدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاریدا سوپای وڵاتەكەی لە ناوچە كوردییەكان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكووری سووریا و رۆژهەڵاتی فورات بكێشێتەوە.

كشانەوەی سوپای ئەمەریكا و پشتكردنی لە هێزەكانی هەسەدە دوای ئەوە دێت لە چەند ساڵی رابردووی شەڕی داعشدا، ئەو هێزەكانی سووریای دیموكرات، كە زۆرینەی رەهایان كوردن، شەڕیان لە دژی داعش دەكرد.

كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا لە كاتێكدایە توركیا هێزەكانی لە نزیك منبج و حەلەب و ناوچە سنوورییەكان كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی لەشكركێشی بكاتە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری هێزە كوردییەكان لە ناوچەكە بهێنێت

Back to top button